ئاگرەکانی دارستانەکانی داڵاهوو بێ بەشداریی ناوەندە حکوومەتییەکان، کۆنترۆڵ کرا

20:36 - 10 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی شاخەکانی داڵاهوو، بە ئاگری بەئەنقسەت سووتا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، دارستانەکانی \"پشتی زەهاو و پیر میکائیل\" لە داڵاهوو، تووشی ئاگەرکەوتنەوە بوو و بەهۆی هەڵکردنی \"با\" و نەبوونی کەلوپەلی پێویست، ئاگرەکە زۆرتر پەرەی سەندبوو.

ئەم ئاگرەی دارستانەکانی داڵاهوو، لە لایەن ئەنجومەنی \"سەرو سەبز\"ی داڵاهوو و بێ بەشداریی ناوەندە حکوومەتییەکان، پاش شەش کاتژمێر بەتەواوی کۆنترۆڵ کرا.

١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگردا سووتا و ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان، چەند کەس بەئەنقەست ئاگریان لەم دارستانانە بەرداوە کە لە زووترین کاتدا سکاڵاین لەسەر تۆمار دەکەن.

هەروەها ئەم ئەنجومەنە ژینگەپارێزییە ڕایگەیاندووە کە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەموو یارساننشینەکانی داڵاهوو و چالاکان و خەمخۆرانی سروشت دوایان کردووە کە بە هەبوونی هەستی بەرپرسیاریەتی، ڕێگە لە لەنێوچوونی ژینگە و دارستانەکانی داڵاهوو بگرن و بە هانای نیشتمانەکەیانەوە بچن.