ئاگركەوتنەوە لەدارستان و لێڕەوارەكانی ئوستانی كرماشان

15:26 - 22 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: ماوەی پێنج رۆژە دارستان و لێڕەوارەكانی شارستانی گیلانغەرب تووشی رووداوی ئاگركەوتنەوە بووەو بەو هۆیەوە نزیك بە سی هەزار هێكتار دارستان بۆتە قوربانی ئاگر.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەشێكی بەرچاو لەلێڕەوارەكانی شارستانی گیلانغەرەب بە هۆی ئاگركەوتنەوەوە سووتان و ئاگرەكەش ماوەی پێنج رۆژە بەردەوامە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ئاگرەکە كۆنترۆڵ نەكراوە.

لەو بارەیەوە بەرپرسی گشتیی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی ئوستانی كرماشان رایگەیاندووە، هاوكاری نەكردنی ئۆرگانە دەوڵەتییەكان و ئیدارەی ئاگركوژێنەوەی ئوستانی كرماشان، لەهۆكاری سەرەكیی كۆنترۆڵ نەكرانی ئەو ئاگرەیە.

\"20478.jpg\"
سولەیمانی بە بە هەواڵدەریی \"تسنیم\"‌ی وتووە، ئەو ناوچەیەی توشی ئاگركەوتنەوە بووە،رووبەرەکەی ١٢٠ هەزار هێكتار دارستانە و ئەگەر ئاگرەكە كۆنترۆڵ نەكرێ‌، ئەگەری زۆرە بۆ ناوچەكانی دیكەش تەشەنە بستێنێ‌.

لەئوستانی كرماشان ٥٢٧ هەزار هێكتار، لەوەڕگە، دارستان و لێڕەوار بوونی هەیە.

ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستەڕوو، نەبوونی ئیمكاناتی پێویستی ئاگركوژێنەوە، كەمی هێزی مرۆیی و هەروەها هەڵكەوتەی ناوچەكە هۆكارێكی دیكەی تەشەنە سەندنی ئاگرەكەیە.

لەدرێژەی رووداوی ئاگركەوتنەوەدا شاخە داپۆشراوەكانی ناوچەی پاوەش تووشی سووتان بوون و رووبەرێکی بەرچاو دارستان و لەوەڕگەکان لە ئاگردا سووتاون.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەئەنجامی ئەو ئاگركەوتنەوەیەدا خەسارێكی بەرچاو بە ژینگەی شارستانی پاوە لەئوستانی كرماشان گەیشتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر لێپرسراوی ئیدارەی سەرچاوە سروشتی‌یەكانی ئوستانی ئیلام وێڕای كاریگەر بوونی هێزی مرۆیی سەبارەت بە پاراستنی ژینگ، رایگەیاندبوو: دارستان و لێڕەوارەكانی ئوستانی ئیلام پێویستی بە ٢١٠ ژینگەپارێز هەیە، ئەمەش لەحاڵێكدایە كە تەنیا ٤٥ ژینگەپارێز لەو ئوستانەدا هەن.

ئەحمەدی باسی لەوەش كردبوو، زیاتر لە ١١%‌ی لێڕەوارەكانی ئیلام بە تەواوەتی ویشك بوونە و ٥٧ هەزار هێكتاریش لەدارستان و لێڕەوارەكان مەترسیی ویشكبوون و فەوتانیان لەسەرە.