ئاگری شاخەکانی ڕوانسەر، لە لایەن ژینگەپارێزانەوە کۆنترۆڵ کرا

16:52 - 29 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئاگری شاخەکانی شاری ڕوانسەر، بە هیمەتی چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنیی ئەو شارەوە، کۆنترۆڵ کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، شاخەکانی شاری ڕوانسەر ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو شارە گەیاند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئاگرکەوتنەوەکە لە لایەن دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لەو ناوچەیە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان بووە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: \"ئەو شوێنانەی کە ئاگریان تێبەردراوە بریتین لە شاخەکانی نێوان جادەی ڕوانسەر- کامیاران، بەرزاییەکانی یەڵەوڕ و دەوروبەری مەنبەعی ئاوی ڕوانسەر\".

ڕایشیگەیاند: \"ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، چەند کاتژمێرێکی خایاندووە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندییەدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، ڕایانگەیاندووە کە ئیمکاناتیان نییە و چالاکانی ژینگەیی و مەدەنی، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە\".