ئاگرکەوتنەوەی کێوی سوڵتان یەعقووب لەلایەن شاخەوانانەوە کوژایەوە

21:28 - 3 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بۆ دووهەمین جار لەم ماوەیەدا، دارستانی کێوەکانی \"سۆڵتان یەعقووب\" لە شاری نەغەدە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە دووی پووشپەڕ، ٣٠ هێکتار لە رووبەری دارستانی کێوی سۆڵتان یەعقووب لە نزیک شاری نەغەدە لە ئاگردا سووتان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ئاگرکەوتنەوە خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە پاش چوار کاتژمێر لەلایەن گرووپی شاخەوانیی سامرەند و دانیشتوانی گوندی\"بالەخچی\" کونتڕۆڵ کرا.

دەوترێت کە دوو هاووڵاتیی تورک بە تۆمەتی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دەستبەسەر کراون.

چوار رۆژ پێش لەم رووداووە، بەشێک لە دارستانەکانی سوڵتان یەعقووب تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون کە بە هەوڵی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی گوندی بالەخچی کونتڕۆڵ کرابوو.
وێنە: سەلاح رەحمانی