ئاگرکەوتنەوە هەناسە لە زاگرۆس دەبڕێت

15:24 - 6 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی شارەکانی سەر بە پارێزگای ئیلام، نزیکیی ٣٠ هێکتار دارستان و لەوەڕەگەی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٣٠ هێکتار لە دارستان و پووش و پاوەنەکانی شارەکانی پارێزگای ئیلام بە هۆی کەمتەرخەمی و هۆکاری مرۆییەوە بوونە خۆڵەمێش.

هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی کرماشان، بڵاوی کردەوە، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا، چەند هێکتار لە دارستانە سروشتییەکانی ناوچەی \"کەبیرکێو\" وەکوو گرینگترین کوێستان و ناوچەی شین بوونی ڕووەکی سروشتی و هەروەها بوونی چەشنەکانی گیانلەبەران، لە پارێزگای ئیلام ئاگریان تێبەر بووە و خەساری بەرچاویان پێ گەییشتووە.

پێشتریش، بە هۆی ئاگرگرتنی دارستانەکانی \"کەبیرکێو\"ی شاری ئیلام نزیکەی سی هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا بوونە خۆڵەمێش.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە، دارستانەکانی گوندی \"ژرێژە\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ئاگردا سووتان.

شایانی باسە کە؛ خەڵکی ئەو گوندەوە ئاگرەکەیان کونتڕۆڵ کردووە و کوژاندوویانەتەوە.