ئاگرکەوتنەوە لە کرماشان ٤ کرێکاری رەوانەی نەخۆشخانە کرد

20:16 - 9 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە گەورەترین شارۆچکە پیشەیی و سەنعەتییەکانی کوردستان، سووتان و برینداربوونی ٤ کرێکار و زیانێکی بەرچاوی مادیی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار کەس لە کرێکارانی یەکەی پیشەیی بەستەبەندیی ماددەی خۆراکی لە شارۆچکەی پیشەیی \"دروود فەرامان\"ی کرماشان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک بریندار بوون.

لەو رووداوەدا، کە کاتژمیر چوار و ٢٥ خولەکی پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، رئکەوتی ٨ی سەرماوەز رووی داوە، ژمارەیەک دەزگای چاپی شیرکەتی \"پوویش\" لە ئاگردا سووتان.

بریندارانی ئەو رووداوە، کە لە نیو ئەو بینایەدا تووشی گازگرتوویی ببون، پاش ٢ کاتژمێر گوازرانەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی کرماشان.

\"23370.jpg\"
سەرچاوە ناوچەییەکان بڵاوییان کردۆتەوە، کە بەهۆی درەنگ گەیشتنی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ شوێنی رووداوەکە، مەترسی لەسەر گیانی ئەو کرێکارانە دروست ببوو.

هەتا ئێستا هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە نەزانراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، کۆنتاکتی برق لە یەکیک لە ژوورەکاندا هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بووەو لێکۆلێنەوە بۆ وەدیارکەوتنی رێژەی زیانی ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.

شارۆچکەی پیشەیی \"دروود فەرامان\"ی کرماشان، بە رووبەری ٢٢٠ هێکتارەوە بە گەورەترین شارۆچکەی پیشەیی لە ناوچە کوردییەکان دادەندرێ.