ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی بەرهەمە نەوتییەکانی شاری کرماشان

14:39 - 10 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی یەکەی پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەکانی شاری کرماشان، یەکێک لە پێرسۆنێلەکانی ئەو کارگەیە گیانی لەدەست دا.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، کارگەی یەکەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی نەوتی شاری کرماشان، ئاگری گرت و بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە کرێکارانی ئەو پاڵاوگەیە.

بەرپرسی گشتیی قەیرانی پارێزگای کرماشان لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی کرماشان ڕایگەیاند: \"ئەو ئاگرکەوتنەوە کاتژمێر ٤ و ١٥ خولەکی ئەمڕۆ ڕوویداوە و کاتژمێر ٨ و ٢٥ خولەک ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، کۆنترۆڵ کراوە\".

بە وتەی \"جەلیل بالایی\"، لەو ڕووداوەدا، کرێکارێک گیانی لەدەست داوە و هەروەها کرێکاری دیکە تووشی سووتاوی بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ناوبراو باسی لە هۆکاری ناڕوونیی ئاگرکەوتنەوەکە کرد و ئەگەری ئاگرگرتنی یەکەی بەرهەمهێنانی پاڵاوگە نەوتییەکانی کرماشانی، بۆ نەوساناتی کارەبا گەڕاندەوە.

هەتا ئێستا، زیانی بەرکەوتووی ئەم کارگەیەی یەکەی پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەکانی شاری کرماشان، ناڕوونە.