ئاگرکەوتنەوە لە نانەواخانەیەکی قوروە دوو کرێکاری کردە قوربانی

11:51 - 11 خەزەڵوەر 2721

بەرپرسی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی شارەداریی قوروە، باسی لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی دوو کرێکاری یەکێک لە نانەواخانەکانی ئەو شارە، بەهۆی "کێشانی نایاسایی بۆریی گاز" کرد.

عەلی ناسری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس، ڕایگەیاند: "یەکێک لە نانەواخانەکانی ناوەندی شاری قوروە، بە مەبەستی کەڵکوەرگرتن لە گاز بۆ دروستکردنی نان، لە ڕێگای نایاساییەوە دەستیان بە کێشانی بۆریی گاز کردبوو کە ئەو ڕووداوی لێ کەوتەوە".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە باسی لە وردەکاریی ئەو ڕووداوە کرد و ڕایگەیاند: "دزەکردنی گاز بوو بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە و ئەو دوو کرێکارە کە تووشی سووتاویی قورس و سووک هاتبوون، ڕەوانەی نەخۆشخانەی بەهشتیی شاری قوروە کران".

بە وتەی عەلی ناسری، یەکێک لەو کرێکارانە کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی جەستەی تووشی سووتاوی هاتبوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەی سنە کرابوو.

هەروەها بەرپرسی ئۆرژانسی نەخۆشخانەی قوروە، ڕایگەیاند کە ئەو کرێکارە تەمەن ٥٥ ساڵەیە کە ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە کرابوو، بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە، گیانی لەدەست داوە.