ئاگرکەوتنەوە لە رەز و دارستانەکانی کێوی \"بەمۆ\" لەسەرپێڵ‌زەهاو

14:33 - 15 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە رەز و دارستانەکانی کێوی بەمۆ لەسنووری سەرپێڵ زەهاو و هەرێمی کوردستان ئاگری گرتووە و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هیچ هەوڵێکیان بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١٤‌ی بانەمەڕ لەکاتژمێر ١٠‌وە، کێوی بەمۆ ئاگری گرتووە و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێ‌.

یەکێک لەدانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، تەنیا کەسانێک کە لە هەوڵی کونترۆڵ کردنی ئاگرەکە دان، هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیەن و ئەوەشی خستۆتەڕوو، توندی ئاگرەکە بە رادەیەکە کە زۆر بە خێرایی لەحاڵی پەرەسەندن دایە.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەش کردووە، گومانی ئەوە دەکرێ‌ئاگرەکە بەئەنقەست بووە و ئیدارەی ئاگرکوژێنە و لایەنە پێوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی نەداوە.

هاووڵاتیان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەو ئاگرە رەز و باخی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و دەورووبەریی کێوی بەمۆ بگرێتەوە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە شوێنێک بە ناوی \"پشتی بورجەکی باوەیسی\"‌یەوە دەستی پێکردووە و بەوتەی هاووڵاتییان ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ناوچەی \"باوەیسی\"‌یش لە نزیک کێوی بەمۆ دەگرێتەوە.

کێوی بەمۆ بەشێکە لەزەنجیرە چیای زاگرۆس و بە بەرزایی ١٨٤٢ میتر لەسەرپێڵ زەهاو هەڵکەوتووە و بەشوێنێکی گەشتیاریش ناسراوە.