ئاگردانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

16:53 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگرتێبەردانی دارستانی گوندەکانی مەریوان، خەسارێکی زۆر بە دارستان و ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، دارستانی گوندەکانی \"نژمار و بێکەڕە\"ی شاری مەریوان، ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی بەرچاوی بە ژینگەی ئەو دوو گوندە، گەیاند.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"زیاتر لە چەند دونم لە لەوەڕگە و دارستانەکانی نێوان گوندەکانی نژمار و بێکەڕە، سووتاون.\"

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئاماژەی بەوە کرد کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی شاری مەریوان، لە لایەن ئەندامانی ئەو ئەنجومەن و هەروەها ئەندامانی کۆمیتەی گوندەکانی ئەو ئەنجومەنەوە، کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئەنجومەنێکی خەڵکییە کە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا دامەزراوە و زۆر جاریش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، یەکێک لە چالاکترین ئەنجومەنە خەڵکییەکانی شاری مەریوانە و ڕۆڵێکی کارای لەسەر جێگیرکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوادا بووە و لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاری مەریوان و سەوڵاوادا بەشێوەیەکی چالاکانە ڕۆڵیکی ئەرێنییان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکاندا هەبووە.