ئاگرتێبەردانی ناوەندی فەرهەنگی_هونەری ڤەژین لە شاری مەریوان بە ئەنقەست بوو

15:35 - 21 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی_هونەری\"ڤەژین\" لە شاری مەریوان، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ، ناوەندی فەرهەنگی_هونەری\"ڤەژین\" لە شاری مەریوان لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگر درا.

ئەو ناوەندە فەرهەنگی_هونەرییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: \"پاش ئاگادار کردنی ناوەندە پەیوەندیدارەکان، بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتی ڕووداوی ئاگر گرتنی ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، بەو ئاکامە گەیشتین کە بەئەنقەست و کاری تاقمێکی دژ بە فەرهەنگ و ژیان بووە\".

\"\"ناوەندی فەرهەنگی_هونەری\"ڤەژین\" ئاگرتێبەردانی بینای سەرەکیی ئەو ناوەندەی بە هەوڵێکی\"نەزۆکانە و دژە فەرهەنگ\" وەسف کردووە.
لەو ئاگرتێبەردانەدا، بینای ناوەندی فەرهەنگی_هونەری \"ڤەژین\" تووشی خەسارەتی ماددی بووە.

چالاکانی فەرهەنگی مەریوان وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر ئاگردانی بینای ناوەندی فەرهەنگی_هونەری \"ڤەژین\" ئەو کارەیان خستووتە ئەستۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ناوەندی فەرهەنگی_هونەری \"ڤەژین\" لە شاری مەریوان هەوڵی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم، پێشانگا، فێستیڤاڵ و سێمیناری فەرهەنگی و هونەری تایبەت بە زمان و وێژەی کوردی داوە، کە هاوکات لەگەڵ پێشوازی هاووڵاتییانی ئەو شارە بەڕەوڕوو بووەتەوە.

ناوەندی فەرهەنگی_هونەری \"ڤەژین\" ناوەندێکی فەرهەنگی_هونەری، نادەوڵەتی، ناسیاسی و دوور لە قازانجی ماددییە، کە لە هاوینی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دەستی بە چالاکی کردووە.

بیاڤی چالاکی ئەو ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییە_گرینگیدان بە فولکلۆر و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردییە.

\"ڤەژین\" وشەیەکی کوردییە بە واتای \"زیندوو\" کردنەوە.

بەشێک لە چالاکانی فەرهەنگی و سیاسی کوردستان پێیان وایە ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەتایبەت سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام دەدرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ناوەندی فەرهەنگی ڤەژین سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی ئەو ناوەندە فەرهەنگی و هونەرییە، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:
ڕوونکردنەوەیک بۆ ڕای گشتی لەمەڕ سووتێنرانی بنکەی سەرەکیی ناوەندی ڤەژین

بەداخەوە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە ڕۆژی پشوو بوو و دەفتەری سەرەکیی ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین داخرابوو،
لە یەکێک لە ژوورەکانەوە لەلایەن کەسانی نەناسراو ئاگر لە شوێنەکە بەردرا و لەبەر تەنینەوەی ئاگر هەندێک زیانی ماددی لە شوێنەکە کەوت. دەستەی بەڕێوەبەری ڤەژین لەگەڵ ئاگادار کردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڵگەمەند کردنەوەی ڕووداوەکەدا، بە پشکنینی ئاسەواری ڕووداوەکە، لەبەر نەوت ڕێژکرانی شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە (نەبوونی کێشە لە نێو سیستەمی کارەبا و...) بەو ئەنجامە گەیشت کە ئاگر کەوتنەوەکە بە ئەنقەست بووە و کاری دەستێکی ڕەشی دژی کولتوور و ژیانەوە بووە.

ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەیکە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێب‌سووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت. ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێدەکاتەوە.

ناوەندی فەرهەنگی‌-‌هونەریی ڤـەژین