ئاگربەردان لە شتومەکی کاسبکاران لە ناوچەی سەردەشت

20:17 - 3 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دەستیان بە سەر هێندێک باری کاسبکاران لە یەکێک لە گوندەکانی سەردەشتدا گرت و ئاگریان تێبەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد، لە پشت گوندی \"توژەڵ\" سەر بە شاری سەردەشت، دەکەونە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکان و لە ئەنجامدا کەلوپەلەکانیان لە لایەن ئەو هێزەوە دەستی بە سەردا گیرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند، شتومەکی ئەو کاسبکارانە کەلوپەلی بێهداشتی بووە و بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، باری ئەو کاسبکارانە زیاتر لە ٢٠ میلیۆن تمەن بووە.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن، تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.