ئاگر لە لەوەڕگەکانی شاری سەوڵاوا بەربووە

21:55 - 14 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەی سەڵاوا کەوتۆتەوە. لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتووی ڕابردوودا، دوو جار ئاگر لەو دارستانانە بەربووە کە زەرەر و زیانێکی فراوانی بەو ناوچەیە گەیاندووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی جۆزەردان، دارستان و لەوەڕگەکانی شاری سەوڵاوا ئاگریان تێ‌بەربووە کە بووەتە هۆی سوتانی ڕووبەرێکی زۆر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.

هەروەها، لە گوندی \"ڕشە دێ\" ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو گوندە بەردراوە.

دەوترێ، خەڵکی ئەو گوندە بۆ کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە داوایان لە خەڵکی مەریوان و گوندەکانی دەورووبەری ئەو گوندە کردووە، یارمەتیان بدەن.

زۆری و چڕیی پووش و پەڵاش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوەی سروشتی، بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا هۆکارە مرۆییەکان دەستێکی باڵایان لە ئاگرکەوتنەوەکاندا هەیە.

دانیشتوانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، لەو باوەڕەدان کە ناوەندە ئەمنییەتی _نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی ئەوەیکە هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چیاکانی کوردستان بوونیان هەیە، ئاگر لە دارستانەکان بەردەدەن.

ئاگر یەکێک لە مەترسیدارترین دوژمنەکانی دارستانەکان بە ئەژمار دێ، ئاگرکەوتنەوەیەکی چووکە دەتوانی خەسارەتێکی بەرچاو بە دارستانەکان بگەیەنە کە بە شێوەیەک دەکرێت تەنانەت ببێتە هۆی لە ناوچوونی یەکجاریی ژینگەی دارستانەکان.