ئاگر، سروشتی كوردستانی گەمارۆ داوە

14:18 - 13 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: لەدرێژەی رەوتی بەردەوامی سووتانی لێڕەوار، لەوەڕگە و دارستانەكانی كوردستان، جارێكی‌تر دارستانەكانی چیای ئاویەری سنە، لێرەوارەكانی سنووری ئوستانی كرماشان لەگەڵ لورستان و هەروەها دارستانەكانی ناوچەی مەریوان بوونە قوربانیی دەستی ئاگركەوتنەوە.

دیاردەی ئاگركەوتنەوە هەموو ساڵێك بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا جارێكی تر هەڕەشەی لە سروشتی كوردستان دەكات و وەكوو كارەساتێكی مەترسیدار بۆ سەر ژینگە بە تایبەت ژینگەی ئوستانی كوردستان، هەموو ساڵێك دڵەخورپە دەخاتە ناو دڵی ئۆگرانی سروشتەوە.

لەوڕگەكانی دەورووبەری چیای ئاویەر رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١٢‌ی گەلاوێژ بوونە قوربانیی دەستی ئاگركەوتنەوەكان و بەشێكی بەرچاو لە سروشتی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.

هەواڵنێری كوردپا لەشاری سنە، وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەو هەواڵە وتی: شوێنی ئاگركەوتنەوە لەچوارچێوەی دەسەڵاتی رێكخراوی پارك و ژینگەی شارەوانیدا بووە، بەڵام ئەو دوو ناوەندە هیچ كارێكیان بۆ كوژاندنەوەی و رێگری لەتەشەنە سەندنی نەكردووە.

ئەو ئاگركەوتنەوەیە لە تەپۆڵكەكانی ئاوایی حەسەن ئاوا لە نزیك پارك و سەیرانگای ئاویەر رووی دابوو. چیای ئاویەر بەسەر شاری سنەدا دەڕوانێ‌و بەیەكێك لەشوێنە گەشتیاریەكانی ئوستانی كوردستان دێتە ئەژمار.

لەو بارەیەوە پەیمان بابا پیری بەرپرسی گشتیی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی ئوستانی كوردستان لەگەڵ ئەوەیکە ئەو ئاگركەوتنەوەی بە هۆكاری مرۆیی لەقەڵەم دابوو، وتبووشی: ئاگركەوتنەوەی چیای ئاویەر بە ئەنقەسەت بووە.

جارێكی‌تر لێڕەوار و دارستانەكانی ناوچەی مەریوان و دەورووبەری گۆلی زرێبار لە سووتان بێبەری نەبوونە و رۆژی یەكشەممە بەشێك لەدارستانەكانی \"پشتی قەبری دەروێش\" لە ئاگردا سووتان.

ئەو ئاگركەوتنەوەیە كە لە نزیك گۆلی زرێبار رووی دابوو، تەنیا لە هاووڵاتییان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە كۆنترۆڵ كراوە.

لەلایەكی دیكەوە نزیک بە دوو هێكتار لەدارستان و لەوەڕگەكانی سنووری ئوستانی كرماشان و لوڕستان بوونەتە قوربانی دەستی ئاگر.

لەو ئاگركەوتنەوەیەدا بەشێكی بەرچاو لە دار بەرووەكانی ئاوایی \" گوڵ دەڕە\"‌ی لۆڕستان سووتاوە و ئەو ئاگرە لێڕەوارەكانی \"عوسمان‌وەندە و جەلال‌وەند\"‌ی كرماشانیشی گرتۆتەوە و دەوترێت ئاگرەكە ماوەی ١٢ كاتژمێر بەردەوامی هەبووە.
\"21248.jpg\"

\"21250.jpg\"

\"21253.jpg\"

\"21251.jpg\"

\"21252.jpg\"

\"21254.jpg\"