ئاگر دەست لە داوێنی دارستانەکانی کرماشان هەڵناگرێت

16:08 - 12 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەنیا لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا هەزاران هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی جوانڕۆ، سەرپێڵی زەهاو و گیلانغەرب سەر بە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوای کۆنتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی جوانڕۆ و سەرپێڵی زەهاو جارێکی دیکە دارستان و لێڕەوارەکانی گیلانغەرب، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ لە ئاگردا سووتان .

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە کە لە ناوچە دارستانییەکانی \"بان مەیان و ملیەنی\" دەستی پێکردووە ئەوەندە بەهێز بووە کە خەڵکی شاری گیلانغەرب بڵێسەی ئاگرەکەیان لە نێو شاردا بینیوە.

دارستانەکانی زاگرۆس و کوردستان کە زیاتر لە ٥٠٪ی دارستانەکانی ئێران پێک دێنێت، هەموو ساڵێک لە وەرزی گەرمادا تووشی ئاگرکەوتنەوە دەبن و حکومەتی ئێران هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە ناگرێتە بەر.

هاوکات لەگەڵ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی گیلانغەرب ڕۆژی ڕابردوو دارستان و لێڕەوارەکانی سەرپێڵی زەهاویش ئاگریان گرت.

هەواڵدەرییەکانی حکومەتی ئێران باسیان لەوە کردووە کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە بەرزاییەکانی گەردەنەی پاتاقی شارستانی سەرپێڵی زەهاو ڕووی داوە و نزیک بە ٦٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارستانە لە ئاگردا سووتاون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەرپرسانی حکومەتی ئێران هیچ هەنگاوێکیان بۆ پێشگرتن لە ئاگرگرتنی دارستانەکانی کوردستان و زاگرۆس نەگرتۆتە بەر.

لە لایەکی دیکەوە کەرەستەی پێویست بۆ کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەکان لە بەردەستدا نییە و حکومەت هیچ کەرەستەیەک دابین ناکات.

هەروەها لە درێژەی ئەو ئاگر کەوتنەوانە دارستانەکانی بەڕووی کرماشان لە ئاگردا سووتان.

ڕۆژی شەممە ٧ی گەلاوێژیش دارستانەکانی دەورووبەری شاری پاوە ئاگریان گرت و دواتر بڵێسەی ئاگرەکە دارستانەکانی جوانڕۆشی گرتەوە .

زۆربەی ئەو ئاگر کەوتنەوانە بەشێوەی خۆڕسک لە لایەن خەڵکی خۆجێیی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و هەروەها خەڵك لەو باوەڕەدان کە بەرپرسانی حکومەتی بە شێوەی ئەنقەست دارستانەکانی زاگرۆس و کوردستان لە نێو دەبەن.