ئاگر دارستانەکانی کوردستانی کردووەتە خۆڵەمێش

16:19 - 30 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە دارستان و لەوڕگەکانی شاری نۆدشە لە ناوچەی هەورامان لە ئاگردا سووتان.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان، لەوڕگە و دارستانەکانی ناوچەی پشت باخەکانی \"مێشوخای\" سەر بە شاری نۆدشە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە پاش چەند کاتژمێرێک لەلایەن کۆمیتەی عەمەلیاتی\"ژیوار\" ی شاری پاوە و هێزە خەڵکییەکانی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ و کوژێندرایەوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای ئیلام باسی لە ٢٢ جار ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە لە ئەمساڵدا کرد.

ئەو ئاگر کەوتنەوانە زیاتر لە ٨٨ هێکتار خەساری بە دارستانەکانی پارێزگای ئیلام گەیاندووە.

بە هۆی گوێپێنەدانی ناوەندە حکوومەتییەکان لە پێشگرتن یان کۆنتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکانی زاگرۆس، تەرخان نەکردنی ئیمکاناتی پێویست وەکوو \"هێلی کۆپتێر\" بۆ ناوچە هەڵمووتەکان، نەبوونی هێزی پێویستی شارەزا و لێهاتوو بۆ کووژانەوەی ئاگر، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان هەزار هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لە نێوچوون و ئەمەش ئێکۆسیستمی ئەو ناوچەیەی خستووەتە مەترسییەوە.