ئاگر تێبەردانی ماشینی کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان

15:06 - 7 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ماشینی دوو کاسبکاری کورد، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا لە شارەکانی مەریوان و پاوە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران درانە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا یەکێک لە ماشینەکان ئاگری گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەر، ماشینی کاسبکاڕێکی کورد لە جاددەی نێوان مەریوان_سەقز درایە بەر دەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامدا ئاگری گرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە باری جلوبەرگی منداڵان (پوشاک)ی پێی بووە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە نزیک گوندی \"گوێڵە\" ئاگری گرتووە.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە حکوومەتییەکان جێگر لە پاسگای گوندی \"کانی کۆن\" لە کاتی ڕاودوونانی ماشینی ئەو کاسبکارە تەقەیان لێ کردووە و لە ئاکامدا بووە بە هۆی ئاگرگرتنی ماشینەکە و باری ئەو کاسبکارە کوردە بە تەواوەتی ئاگری گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، لە شاری پاوە کاتژمێر ٨ی شەو لە گەڕەکی\"سی ان جی\" ئەو شارە ماشینی کاسبکاڕیکی کوردیان داوتە بەر دەسڕێژ و ئەمەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە ڕایگەیاند: باری ئەو کاسبکارە کوردە چەند کارتون چایی بووە.

لەو ڕووداوەدا، ماشینی ئەو دوو کاسبکارە کوردە خەساری زۆریان بەرکەوتووە.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێ دەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.