"ئاکۆ جەلیلیان" بە دانانی کفاڵەت ئازاد کرا
ئاژانسی کوردپا: نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کرماشان، پاش حەوتوویەک دەسبەسەری، بە دانانی کفاڵەت ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١ی بەفرانبار، "ئاکۆ جەلیلیان"، نووسەر، لێکۆڵەر و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد، پاش حەوتوویەک دەسبەسەری، بە دانانی کفاڵەت ئازاد کرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، ئاکۆ جەلیلیان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئیتلاعات پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، یەکەمین خەڵاتی وێژەیی باشوور لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی باشوورەوە پێشکەشی ئاکۆ جەلیلیان کرا.
"ئاکۆ جەلیلیان"، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە شاری شائابادی پارێزگای کرماشان لە دایکبووە، ئەو نووسەرە کوردە خاوەنی چەندین کتێبە کە بریتین لە: فەرهەنگی وشەی کوردی_کوردی_فارسی، چیرۆکی ئاگر مەلوچ، تاریکخانە بەرگی ١، کرماشان (ناسنامەیەکی نوێ بۆ مێژوویەکی کۆن)، زەڕینە وسیمینە ٥ بەرگ و کۆمەڵە چیروکی ڕەنگامە.