"ئاکۆ جەلیلیان" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
ئاژانسی کوردپا: ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەز، ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم نووسەرە کوردەیان دەسبەسەر و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو ناڕوونە.
ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەز، یەکەمین خەڵاتی وێژەیی باشوور لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی باشوور پێشکەشی ئاکۆ جەلیلیان کرا.
"ئاکۆ جەلیلیان"، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە شاری شائابادی پارێزگای کرماشان لە دایکبووە، ئەو نووسەرە کوردە خاوەنی چەندین کتێبە کە بریتین لە: فەرهەنگی وشەی کوردی_کوردی_فارسی، چیرۆکی ئاگر مەلوچ، تاریکخانە بەرگی ١، کرماشان (ناسنامەیەکی نوێ بۆ مێژوویەکی کۆن)، زەڕینە وسیمینە ٥ بەرگ و کۆمەڵە چیروکی ڕەنگامە.