ئاکام تەلاج هێشتا زیندووە/ هەواڵی مردنی بریندارێکی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد راست نییە

21:47 - 23 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد بە دەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بەهۆی قووڵیی برینەکەی لە دۆخێکی نالەبار دایە، بەڵام هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە زیندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاکام تەلاج خەڵکی نەغەدە، یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی مەهابادە کە بەهۆی قووڵیی برینەکەی لە بەشی تایبەتیی نەخۆشخانەدا لەژێ چاودێریی پزیشکی دایە، نالەبار راگەیەنراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی تەلاج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هەتا ئێستاش ئاکام زیندووە، بەڵام دۆخی تەندروستیی ناوبراو نالەبەرە.

ئەم سەرچاوە ئاشکرای کرد: سەرەڕای نالەباریی دۆخی تەندروستیی ئاکام تەلاج، رێوشوێنی توندی ئەمنیەتی بۆ ئەو ژوورە کە ئاکامی تیدا دەمێنێتەوە گیراوەتە بەر.

چەند کاتژمێر پێش ئێستا هەواڵێک لە پێوەندی لەگەڵ گیان لە دەست دانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە کە لەم رێگایەوە ئاژانسی کوردپا ناڕاست بوونی ئەو هەواڵە رادەگەیەنێت.

\"28036.jpg\"
ئاکام تەلاج، خوێندکاری زانستگای ئازادی مەهاباد، بەهۆی قووڵیی برینەکەی لە بەشی تایبەتیی نەخۆشخانەدا لەژێ چاودێریی پزیشکی دایە، نالەبار راگەیەنراوە
بڵاوبوونەوەی دۆخی نالەباری تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لاوە کوردە لە کاتێک دایە کە پێشتر بەرپرسانی حکوومەتی، هەر چەشنە بەرەنگاری و تەقەکردنێکیان لە ناڕازییان رەت کردبووەوە و هێزە نیزامییەکانیان بە \'\'خیشتەندار\'\' وەسف کردبوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خوێندکاری زانستگای ئازادی مەهاباد، رۆژی پێنج‌شەممە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی مەهابادی لە بەرانبەر \'\'هۆتێل تارا\'\' لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو.

ناوبراو پاش برینداربوون رەوانەی نەخۆشخانەی \'\'خومەینی\'\' لە مەهاباد کرابوو و پاش خراپتر بوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو، بۆ نەخۆشخانەی شاری ئورمیە راگوێزرابوو.

ئاکام تەلاج لە ماوەی خەواندنیدا لە نەخۆشخانە، دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی ٤٠ ساچمە لە دەست و سکی، تووشی خوێنڕیی ناوخۆیی ببوو. سەرەڕای ئەوەی کە پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکە هەبووە، بەهۆی دۆخی نالەباری جیسمانییەوە، پزیشکان خۆیان لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دیکە بواردووە.

پزیشکانی نەخۆشخانە لە کاتی نەشتەرگریی ئەو خوێندکارە کوردە، دۆخی تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندبوو.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی مەهابادی لە بەرانبەر هۆتێل تارا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناوایی فەریناز خوسرەوانی، بە دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان توندوتیژیی لێ کەوتەوە.

هاووڵاتییانی مەهابادی لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا خوازیاری دادگایی کردنی دەست و پێوەندییەکانی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بوون.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە شێوەی هێمنانە دەستی پێ کردبوو کە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە.