ئاکادێمی ئۆسکار پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان کرد

13:34 - 9 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٢٨ کەس لە ئەندامانی ئاکادێمی ئۆسکار لەسەر بانگەوازی بەهمەن قوبادی سینەماکاری بەناوبانگی جیهان، پشتیوانییان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢٨ کەس لە ئەندامانی ئاکادێمی ئۆسکار لەسەر بانگەوازی بەهمەن قوبادی سینەماکاری بەناوبانگی جیهان، پشتیوانییان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد.

ئەم دەرهێنەرە ناسراوەی کورد، سێ مانگ پێش لە ڕێگای ئیمەیلەوە ئەو بانگەوازەی بۆ ئەندامانی ئۆسکار بەڕێ کردبوو.

لە وڵامی ئەو بانگەوازەی بەهمەن قوبادیدا‌، ١٢٨ کەس لە ئەندامانی ئۆسکار وەک دەرهێنەران، ڕەخنەگران، نووسەران و ئەکتەره ناودارەکانی ئەندامی لێژنەی ئۆسکار پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

ئەندامانی ئادکادێمی ئۆسکار ڕایانگەیاندووە: \"نەتەوەی کورد زوڵم و ستەمی زۆری کێشاوە و ئێستاش کاتی ئەوە هاتووه، کە بتوانن وڵاتێک بە نێوی خۆیان دروست بکەن و هیوادارین کە ڕۆژێک بگات لەژێر نێوی کوردستان وێڕای چەندین فیلم لە ئۆسکاردا بەشداری بکەن\".

بەهمەن قوبادی دوای پیشان دانی فیلمەکانی لە شاری لۆس ئانجلێسی ئامریکا بۆ ئەندامانی ئاکادێمی ئۆسکار لە ئیمەیلێکدا نووسیبووی: \"منیش ئەندامێکی ئێوەم، ئێمە کوردەکان هەتا ئێستا شانسی ئەوەمان نەبووە کە وەک یەک وڵاتی سەربەخۆ لە ئۆسکاردا بەشداری بکەین. وڵاتانی دیکە سەربەخۆییان لە ئێمە گرتووە چەندین ساڵە کە هەوڵ دەدەم کوردەکانیش بە بەرهەمەکانی خۆیان بتوانن وەکوو نوێنەری نیشتمانی خۆیان لە ئۆسکاردا بەشداری بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵنەکەوتووە\".

نێوی ئەو ئەندامانەی ئاکادێمی ئۆسکار کە پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە ئەم نێوانەی خوارەوەن:

ـ ئۆلیوێر ستۆن
ـ خاتوون ئالیسۆن پیل
ـ ویلیام کیلیک
ـ جاناتان هانشۆ
ـ ئەلکساندێر ڕۆبینسکی


ـ جان پۆلاک و ١٢٢ کەسەکەی دیکەی ئەندامی ئاکادێمی ئۆسکار.
ماوەیەک بەر لە ئێستادا، ئاکادێمی ئۆسکار داوای لە بەهمەن قوبادی دەرهێنەری بەناوبانگی جیهانی کرد، کە ببێتە ئەندامی ئەو ئاکادێمییایە.

ئاکادێمی زانست و هونەرە سینەماییەکان، ڕێکخراوێکی غەیرە دەوڵەتییە کە ساڵی ١٩٢٧ لە ئامریکادا دامەزرا.

سەرجەم ئەندامانی ئاکادێمی ئۆسکار کەسانی بەئەزموون و لەمێژینەی هونەری سینەمان.