ئاژانسی کوردپا، ڕچەشکێن و دەلاقەیەکی نوێ بەڕووی میدیای کوردیدا

10:53 - 1 گەلاوێژ 2721
Unknown Author

شەریف فەلاح

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا پرسی بە ڕۆڤبوونی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات تا ئاستێکی باش پەرەی سەند و بە دامەزرانی چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات، هەروەها کەوتنەگەڕی چەندین ماڵپەڕ و ئاژانسی تایبەت، ئیتر بابەتی ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ چووەتە قۆناغیکی دیکەوە.

هەروەک دەزانین سیاسەتی جەنگ و داگیرکاری و ڕەشەکوژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا نەتەنیا بۆ یەک ڕۆژیش نەوەستاوە، بەڵکوو بە شێواز و فۆرمی دیکە لە قەڵاچۆی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرینتر بووەتەوە.

جاران ئەگەر هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پرسی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێواخن و دووتوێی ڕاپۆرت و هەواڵە سیاسییەکاندا ون دەبوون و فەرامۆش دەکران، بەڵام ئیتر ئەمڕۆ بە هیمەتی چالاکانی مافی مرۆڤ و خەباتکارانی شێلگیری ئەو بوارە و پەرەسەندنی میدیاکان ئیتر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە شێوەی ئاماری و بە داتاوە دیکیۆمێنت دەکرێن و زۆر جاریش بۆ ناوەند و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبە بە مافی مرۆڤیش دەدرێن و دەبنە سەرچاوە و پێوەری ئامار و ڕاپۆرتەکانیان.

لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی هەتاوی و ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژی ١٣٩٠ی هەتاوی لەسەر بنەمای بیرۆکە و پرۆژەی شەهید کاوە جەوانمەرد خەباتگێڕی سیاسی، ڕۆژنامەنووس بەردی بناغەی دامەزرانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان (کوردپا) دامەزرا کە جیا لە هەوڵ و چالاکییە بێوچانەکانی لەم بوارەدا کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس لەو ئاژانسە کاریان کرد و پێگەیشتن. لەبەر ئەوەی بەرلە دامەزراندنی ئاژانسی کوردپا، هەواڵ و ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە ڕووماڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ناڕێکوپێک و ڕێکخراو نەبوو، بۆیە دەتوانین بێژین کوردپا، هەوڵێکی ڕچەشکێنی و پەنجەرەیکی نوێ بوو بەڕووی ئەم بوارەدا. چونکە ئاژانسی کوردپا بە ئامانج و ئایدیای خزمەت بەو بوارە دامەزرابوو، هاوکات لەبەر ئەوەی شەهید کاوە خۆی لەم بوارەدا کەسێکی خاوەن ئەزموون و شارەزا بوو، بۆیە خێرا توانی بە ڕاپۆرت و هەواڵی دروست و بە پشتبەستن بە پێوەر و پڕەنسیپەکانی ڕۆژنامەنووسی، ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو. 

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بوون بە سەرچاوەی کوردپا، بەردەوامی لە کارکردن و گرنگیدان بە هەموو لایەن و ڕەهەندەکانی تایبەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤە کە دمودەزگا ئەمنی، سیاسی و دادوەرییەکانی ئێران لەدژی چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیکەن.

پشتبەستن بە ئامار و داتای مانگانە و هەفتانە و بە دیکییۆمێنتکردنی پرسی مافی مرۆڤ یەکێکی دیکەیە لە خالە بەرجەستەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی وکردستان (کوردپا) کە بە زمانەکانی کوردی (کورمانجی و سۆرانی) و ئینگلیزی و فارسی هەواڵەکانی ڕووماڵ کردووە، کە لەمبارەوە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و خاوەن متمانە لەلای ئاژانس و میدیا جیهانی و ناوچەییەکان.

هەرچەند لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری ڕووماڵی مافی مرۆڤدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ناوەند و ڕێکخراو دروست بوون و کاریان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە و هەموویان تێکڕا توانیویانە لەڕاستای گەیاندنی دەنگی خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی دنیا و پرسی سەرکوتی مافی مرۆڤ، دەوری کاریگەر بگێڕن. 

بەڵام دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە ئاژانسی کوردپا و هەواڵی بەردەوامی ڕۆژنامەنووسانی شێلگیر و خەباتگێڕانی مافی مرۆڤ لەو ئاژانسە، بووەتە هۆی ئەوەی کە کوردپا ببێتە ڕۆچنەیەکی نوێ و ڕچەشکێنییەک لەم بوارەدا کە خەبات و هزر و ئەندێشەیان جێگای ڕێز و پیزانینە. هاوکات بە بەرجەستەکردنی پرس و دۆزی کورد و نیشاندانی سیاسەتی سەرکوت و تاوان و دژەکوردی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەنگاوێکی باشیان بڕیوە و لام وایە ڕەمزی سەرکەوتن لەم بوارەدا شێلگیری و بەردەوامییە.