ئاژانسی کوردپا: ١٧٤٧ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٩٨، لە کوردستانی ئێران ڕووی داوە

19:24 - 4 خاکەلێوه 2720

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە کۆتایی‌هاتنی ساڵ ٩٨ی هەتاوی ئامارێکی لە هەڵاواردن، سەرکوت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی کوردستان، بۆ هەشتەمین ساڵ بڵاو کردەوە.

 ڕاپۆرتی ئاماری پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردستانییەکانی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٨ بەم چەشنەیە:

ئەم ئامارە بە جیاکردنەوەی لایەنە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئاماژە بە ١٧٤٧ حاڵەتی پێشێلکاری مافی مرۆیی لە ساڵی ٩٨دا دەکات.

ئەو ئامارە لە ساڵەکانی ٩١، ٩٢، ٩٣، ٩٤، ٩٥، ٩٦، ٩٧، ٩٨، بە ڕیز ١٠٢٦، ١٥٥٠، ١٣٥٥، ١٥٧٢، ١٢٩٠، ٣١٦٦ و  ١٧٩٠ حاڵەت پێشێلکاری لەو ساڵانە ڕوویان داوە.

ئەم ڕاپۆرتانە بە پشتبەستن بە سەرچاوە و زانیاریی کەسانی باوەڕ پێکراو بڵاو کراوەتەوە کە بە شێوەی ئاماری و بە بێ ئاماژەکردن بە ناوی کەسەکان پێشکەش دەکرێت.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران ڕوویان داوە، کە سەرەڕای ئەوەیکە هیچ ڕێکخراو یان سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پشتڕاست‌کردنەوەیان بوونی نەبووە، لەم ئامارەدا، ئاماژەی پێنەکراوە.

ناوی ورد و بەڵگەی پەیوەندییدار بەم ڕاپۆرتە لە بەردەستی ناوەندی ئاماری "ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا" دایە.

تەواوی ئامارەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، لەلایەن سەرچاوە خۆجێییەکان و میدیاکانەوە بڵاو کراوەتەوە و ئەوەیکە لایەنێک نییە هەموو  ڕووداوەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو بکاتەوە، دەکرێت ئەم ئامارە زۆر زیاتر لە ڕێژەیە بێت و ئاماژەیی پێی بکرێت.

دەسبەسەر کردن:

لە ساڵی ١٣٩٨ لە کۆی ٧٥٣ کەسی دەسبەسەر کراو، ٢٣٢ کەس لەو کەسانە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، دەسبەسەر کراون. ئەمە تەنیا ئامارێکە کە لەلایەن میدیا نافەرمییەکانەوە، بڵاو کراوەتەوە. بەڵام فەرماندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ژێر ناوی "ڕێبەری ئاژاوەگێرەکان"، ئەم ئامارەیان بڵاو کردووەتەوە.

ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٢٥٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە ژێر ناوی "ڕێبەر و دەستوپەیوەندییەکانی ئاژاوەگێرەکان" کرد.

بەرپرسانی نیزامی و قەزایی لە پارێزگای سنە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، باسیان لە دەسبەسەرکردنی ٢٥ هاووڵاتی لە شارەکانی مەریوان و سنە، لە ژێر ناوی "ڕێبەر و دەستوپەیوەندییەکانی ئاژاوەگێڕەکان" لەو دوو شارە کرد.

ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، فەرماندە هێزە  ئینتزامییەکانی پارێزگای سنە، باسی لە ناساندن و دەسبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتیی لە ژێر ناوی "ڕێبەر و دەستوپەیوەندییەکانی ئاژاوەگێرەکان" لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە شاری مەریوان کرد.

ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی کورد لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەپێی ئاماری کوردپا بەم چەشنەیە:

٢٨١ کەس بەهۆی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان،کۆبوونەوەی پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژئاوا، ناڕەزایەتی بەهۆی بەربوونەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی، ناڕەزایەتی بە دۆخی کۆڵبەری، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز، کوشتنی ژنان، پۆشینی جلوبەرگی کوردی، هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان، فەزای مەجازی و ڕەخنە لە حکوومەت، ئەمنییەتی، ڕەخنە لە عەلی خامنەیی و بەرپرسانی حکوومەتی، وەرگێڕانی کتێبی دژە دین، حیجابی ئیجباری و مردنی کۆڵبەران و هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و هەتا دوایی.... دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە ساڵی ٩٨، ١٨٨ کەس لە چالاکانی بیاڤی مەدەنی، فەزای مەجازی، خوێندکار، کۆڵبەر، کرێکار و ژینگەپارێز و چالاکانی فەرهەنگی و هەتا دوایی، دەسبەسەر کراون.

هەروەها لەو ١٨٨ کەسه، ٣کەسیان ژنن کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە، دەسبەسەر کراون.

٦٤٩ کەس لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ٥٨ کەسیان لەلایەن هێزە نیزامییەکان و کەسێکی دیکەیان لەلایەن ئەرتەشی سایبری دەسبەسەر کراون.

٦٥٣ کەس لەو دەسبەسەرکراونه چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها، ٧٣٦ جار ‌‌هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و دەستیان بە سەر ٢٧ کەرەستەی شەخسیی هاووڵاتییاندا، گرتووە .

٢٥ هاووڵاتی لە کاتی دەسبەسەریدا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراون، کە ٤ کەسیان بریندار بوونه.
 

بانگهێشت کردن و لێپرسینەوە لە هاووڵاتییان:

لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ١١١ کەس لە هاووڵاتییان بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لە کوردستان کراون و لێپرسرنەوەیان لەگەڵ کراوە.

کۆژران و برینداربوونی کۆڵبەران:

٢٢٧ کۆڵبەر لە ساڵی ١٣٩٨، کوژرا و بریندار بوونه. (٥٧ کوژراون و ١٧٠ بریندار).

٤ کەس لەو کۆڵبەرانە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە (٣ کوژراون و ١ بریندار).

شێوازی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران

١٨٩ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژراو  و بریندار  بوونه، ١٤ کۆڵبەر بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانیان لەدەست داوە یا برینداربوونە، ٩ کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردوویی، ٥ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار  بوونە، ٣ کۆڵبەر بەهۆی کەوتنە ناو ڕووبار لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان گیانیان لەدەست داوە، لێدانی ٣ کۆڵبەر لەلایەن هێزە نیزامییەکان، کوژران و برینداربوونی ٢ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە  نیزامییەکانی تورکیە و هەروەها کۆڵبەرێک لە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ بریندار بووه.

کوژران و برینداربوونی کاسبکاران و هاووڵاتییان مەدەنی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ

لە ساڵی ١٣٩٨، لە کۆی ٢٠ کاسبکاری کورد لە جادەکانی کوردستان، بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاغ لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە کوژراو و بریندار بوونه. (١٢ کوژراون و ٨ بریندار).

هەروەها، ٨ هاووڵاتیی مەدەنی بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاغ لەلایەن هێزە نیزامییەکان کوژراون و بریندار بوونه (٣ کوژراو و ٥ بریندار).

کوژراو و برینداربووەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨

لەم ڕاپۆرتەدا، تەنیا ناوی ئەو کەسانە کە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨،  کوژران و بریندار بوونە  و لەلایەن ئاژانسی کوردپا  ناویان تۆمار و پشتراست کراوەتەوە هاتووە؛ ئاماری کوژراو و بریندارەکان زۆر زیاتره؛ بەڵام هەتا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ژمارەی کوژراوەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨:  ٤٢ کوژراو  و بریندار بووەکان ١٠ کەس

ئێعدام و مەحکووم‌کردنی هاووڵاتییان لە کوردستان بە ئێعدام:

لە ساڵی ١٣٩٨، ٣٧حاڵەتی ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن حکوومەتی ئێران بەڕێوە چووە و هەروەها جیا لەو ٣٧ کەسە، حوکمی ئێعدامی ١٠ هاووڵاتیی دیکە لە زیندانەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوەچووە کە بە هۆی ناڕوونیی ڕەگەزیان ؛لەم ئامارەدا ئاماژەی پێنەکراوە.

بەو پێیە ٤٧ حاڵەتی لە سێدارەدان لە کوردستانی ئێران ڕوویداوە کە ئاژانسی کوردپا، بە ڕوونیی شوناسی ٣٧ کەسیان کە کورد بوونە پشتڕاست کردووەتەوە.

کوژراون و برینداربوونی هاووڵاتییان بەهۆی تەقینەوەی مین:

١٨ هاووڵاتیی مەدەنی لە ساڵی ٩٨ بەهۆی تەقینەوەی مین  و خومپارە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، کوژراو و بریندار بوونه. (٤ کوژراو و ١٤ بریندار).

مانگرتن لە خواردنی زیندانییان:

لەو ماوەیەدا، ٤٧ زیندانی_٣٦ زیندانی سیاسی، ٧ زیندانیی مەزهەبی  و ٤ چالاکی دەسبەسەرکراوی کورد (٢ چالاکی مەدەنی، چالاکێکی پەێڕەوی ئایینی یارسان و چالاکێکی مافی ژنان)، بەهۆی هەڵسووکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان، نالەباریی دۆخی جیسمانی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، دۆسیەسازی و ناڕوونیی چارەنووسیان دەستیان داوەتە مانگرتن.

بۆ زانیاری زیاتر لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، دەتوانن سەردانی بەشی "فارسی" ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بکەن.