ئاژانسی کوردپا: ٧٥٧ حاڵەتی دەسبەسەرکران لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ ڕوویداوە

12:56 - 26 بەفرانبار 2719

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی شیکاری-ئاماری، بە بڵاوکردنەوەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی دەخاتە بەر باس.

ئەو ئامارە بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو کە لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا کۆ کراوەتەوە و جیاکردنەوەی ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە ناونیشانی ئەو کەسانە لەبەر دەستدا بووە و هەروەها  ناوی ئەو کەسانە بە شێوەی pdf لەبەر دەستی خوێنەراندایە و دەتوانن بۆ دیتنی ناوەکان لێرە کرتە بکەن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی ٧٥٧ حاڵەتی دەسبەسەرکران ڕوویداوە کە:

٢٢٥ کەس لەم کەسانە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ دەسبەسەر کراون. ئەمە تەنیا ئامارێکە کە لەلایەن میدیا نافەرمییەکانەوە، بڵاو کراوەتەوە.

بەڵام فەرماندە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەژێر ناوی "ڕێبەری ئاژاوەگێڕەکان" ئەم ئامارەیان بڵاو کردووەتەوە.

ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، فەرماندەی ئینتزامیی پارێزگای کرماشان، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٢٥٠ هاووڵاتیی ناڕازی لەژێر ناوی "ڕێبەر و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان" باس کرد.

بەرپرسانی ئینتزامی و دادوەری لە پارێزگای سنە لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ئەمساڵ، باسی لە دەسبەسەرکردنی ٢٥ هاووڵاتی لە شارەکانی مەریوان و سنە لەژێر ناوی "ڕێبەر و ڕیکخەری تێکدان" کردبوو.

هەروەها ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای سنە، باسی لە ناسین و دەسبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتی لەژێر ناوی "ڕێبەر و ڕێکخەری تێکدان" لە ماوەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە شاری مەریوان کردبوو.

ژـمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە جیاکردنەوەی شارەکان بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا بەم چەشنەیە:

جوانڕۆ ٥٣ کەس، کرماشان ١٨ کەس، سەلاسی باوەجانی ١١ کەس، سەرپێڵ زەهاو ١ کەس، مەریوان ٤٥ کەس، سنە ٦٣ کەس، ورمێ ١١ کەس، بۆکان ٦ کەس، سەقز ١١ کەس، ئیلام ٣ کەس، کامیاران ٥ کەس، بانە ١ کەس، کلاردەشتی مازندەران ١ کەس، هەروەها ٢ کوردی دانیشتووی شارەکانی ئیسفەهان و کەرەج.

هەروەها لە ئەمساڵەدا و لە کرماشان، ١٠ چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد، ١٠ کەس دەسبەسەرکراو، کەرەستەی کەسیی ئەوان دەستی بەسەرداگیرابوو، بە ناوەکانی "فواد موزەفەری، فەرزاد سەفەرە، هومایوون عەباسی، عەباس جەلیلیان (ئاکۆ)، سۆهراب مورادی، ئەحمەد بەساتی، داریووش مورادی، مەحیەدین ئەسغەری، موزەفەر وەتەن دوست و خەلیل ئەسدی بوژرانی".

٣٢ کەس لەو کەسانە کە دەسبەسەر کراون ژنن.

٦٦٨ کەس لەو کەسانە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ٤٦ کەسی دیکە لەلایەن هێزە  نیزامییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها، ٧٣ کەس بە هێرش بردەنە سەر ماڵیان دەسبەسەر کراون و ٥٦ کەسیش بە پشکنینی ماڵەکەیان، ٣٤ کەسیان لەوان دەسبەسەر کردبوو.

٣٤ کەس لە کاتی دەسبەسەرکردندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان ئازار و ئەشکەنجە دراون کە ٤ کەسیان بەتوندی بریندار بوون.

ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییان:

لە ٥٧٩ حاڵەتی دەسبەسەرکراوی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، چارەنووس و شوێنی ٥٣٢ کەسیان ناڕوون بووە و ماڵی ١٣٨ کەسیان لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، لەلایەن مەئموورانی دادوەری و ئەمنییەتییەوە، پشکێندراون و کەرەستەی کەسیی ٤٠ کەسیان دەستی بەسەردا گیراوە و ٢٦ کەسیان لە کاتی دەسبەسەریدا، ئازار و ئەشکەنجە دراون.