ئاوەڕۆ و پیسایی شەهرەکی ئیسلام ئابادی ورمێ‌، مەترسییەكە بۆ تەندروستیی منداڵان+ڤیدیۆ

16:37 - 7 بانەمەڕ 2712
كوردپا: بوونی ئاوەڕۆ و پیسایی لە شەهرەکی ئیسلام ئابادی سەر بە شاری ورمێ‌ و نەبوونی پڕۆژە و بەرنامەیەكی دروست، بۆتە مەترسییەك بۆ سەر تەندروستیی منداڵان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە شەهرەکی سەر بە شاری ورمێ‌ بوونی جۆگە و ئاوەڕۆی ماڵان كە بە سەردانەپۆشراوی ماوەتەوە، بۆتە سەرچاوەی پیسایی و میكرۆب كە ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچە و بەتایبەت منداڵانی خستۆتە مەترسییەوە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری دانیشتوانی ئیسلام ئابادەوە ئاشكرای كردووە، سەرەڕای ئەوەی كە خەڵكی ئەو ناوچە چەندین جار داوایان لە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ورمێ‌ كردووە كە رێگاچارەیەك بۆ بنبڕ كردنی ئەو پیسایی و ئاوەڕۆە بدۆزنەوە و سەری دابپۆشن، بەڵام هیچ هەنگاوێك هەڵنەهێنراوەتەوە.



گرتە ویدیۆیەكی كورت لە ژیانی راستەقینەی شەهرەكی كوردنشینی ئیسلام ئاباد ـ ورمێ‌

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە شەهرەکی ئیسلام ئاباد یەک لە ناوچە کوردنشینەکانی شاری \"ورمێ\"یە کە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هیچ چەشنە خزمەتگوزاری و ئیمکاناتێکی بۆ دابین نەکراوە و پشت گوێ دەخرێت.

بەپێی هەمان سەرچاوە، منداڵانی ناوچەی ئیسلام ئاباد كە شوێنێكیان بۆ یاری نیە، لە دەورووبەری ئەو ئاوەڕۆوە یاری دەكەن و ئەمەش مەترسییەكە بۆ تەندروستییان.