ئاوەدانی لە ئێراندا ڕوو لە قەیرانە

15:48 - 16 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کورتهێنانی بوودجە لە ئێران بووەتە هۆی گواستنەوەی تێچووی ئاوەدانی بۆ تێچووی جێبەجێکار.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قەیرانی دەرهاویشتەی وەستانی ئابووری، کەرتی ئاوەدانکردنەوەی گرتووەتەوە و داهاتووی گەشە و پێشکەوتنی خستووەتە ژێر باندۆری خۆی.

ڕۆژی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ورمێ، باس لە دۆخی ئاوەدانیی وڵات کراوە و لەوێدا بەرپرسی لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندە سەراسەرییەکانی بەڵێندەرانی ئاوەدانیی ئێران گوتویەتی کە؛ ٣٠ هەزار کۆمپانیای بەڵێندەرایەتی و ڕاوێژکاری لە مایەپووچی‌دان.

بەوتەی حەسەن سەعادەتمەند، لە کۆتایی دەوڵەتی دەیەمدا، ٢٩٠٦ گەڵاڵەی ئاوەدانی نیوەتەواو بوونی بووە و بۆ تەواوکردنیان پێویست بە ١٥٠ هەزار تا ٦٠٠ هەزار میلیارد تمەن بوودجە هەیە و ئەمەش لەمپەڕێکە بۆ جێبەجێ کردنی گەڵاڵەی نوێ لە وڵاتدا.

ئەو بەرپرسە سەبارەت بەم دۆخە ئاماژەی بە کۆرتهێنانی بوودجەی دەوڵەتی کرد و پشتڕاستی کردەوە کە؛ لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ دابین کردنی کۆرتهێنانی بوودجە، پارەی ئاوەدانی کەم کراوەتەوە و ئەمەش قەیرانی بۆ ئەو کەرتە پێکهێناوە.

هەواڵنێری فارس هەروەها باس لە پچووک کردنەوەی قەبارەی دەوڵەتی(کوچک سازی) دەکا و لە زاری سەعادەتمەندەوە دەنووسێت: دەبووایا لەم چەند ساڵەی دواییدا، ١٠% لەو قەبارەیە کەم کرابایەوە، کە ئەمەش ڕووی نەداوە و بەپێچەوانەوە دەوڵەت بۆ پاراستنی ئارامیی گشتیی، هێزی کاری دەوڵەتیی زیاد کردووە.

ئەو وتە و هەڵوێستانە لەکاتێکدایە کە؛ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا هوشداری دەدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵوەشانەوەی بەرجام و پێشبێنی دەکا کە ئابووری ئێران بەرەو وەستان بەرێت.

ئەو ڕاپۆرتە نوێیە باسی لەوەش کردووە کە؛ لەژێر باندۆری گەمارۆ نێودەوڵەتییەکاندا، ئابووریی نەوتی ئێران زیاتر لە ١٨٥ میلیارد دۆلار خەساری وەبەر کەوتووە.