ئاوی پیس لە زانکۆی میاندواو گیانی کچە خوێندکارێکی کوردی ستاند+وێنە

19:33 - 13 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای گیان لەدەست دانی کچە خوێندکاریکی کوردی خەڵکی شاری نۆدشە، بە هۆی خواردنەوەی ئاوی پیس لە زانکۆی \"باکری\"ی شاری میاندواو، خوێندکارانی ئەو زانکۆیە مانیان گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پەروین حەقیری تەمەن ٢١ ساڵ کچی محەممەد، کەلە زانکۆی \"باکری\"ی میاندواو خویندکار بوو، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس لەو دانشگایە \"گورچیلە\"ی خراپ ببوو، کە لە ئەنجامدا بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە خوێندکارە بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە نەخۆشخانەی شاری کرماشان خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە، پاش ١٨ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، رۆژی ١٠ی رەشەمە، گیانی لەدەست دا.

یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی \"شەهید باکری\" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەهۆی تووشبوونی زۆربەی خوێندکاران بە نەخۆشیی ریخۆڵە و گورچیلە، خراونەتە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، مانگرتنی خوێندکاران بەردەوامە و لە چوونە سەر پۆلەکانی خوێندن خۆیان بواردووەو خوازیاری سەردانی بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشت بۆ خەوتنگە و ئاشپەزخانەی ئەو زانکۆیە بوون.

ئەو خوێندکارە گوتیشی؛ پەروین کە خوێندکاری رشتەی \"گیا پزیشکی\" بوو، پێشتر پێشینەی نەخۆشی نەبووە و بە دڵنیاییەوە بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسی زانکۆ گیانی لەدەست داوە.

دەگوترێت؛ هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠ خوێندکاری زانکۆی \"باکری\"ی شاری میاندواو بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس تووشی نەخۆشی بوونە.

لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی ئەو کچە خوێندکارەی خەڵكی شاری نۆدشە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە، کەلە پەیوەندی لەگەڵ مەرگی پەروین‌دا، بە هەموو شێوەیەک لە ئەنجام دانی لێدوان بۆ میدیاکان خۆ ببوێرن.
\"18588.jpg\"

\"18590.jpg\"

\"18589.jpg\"

\"18595.jpg\"