ئاوازدانەری بەناوبانگی کرماشانی کۆچی دوایی کرد

19:47 - 27 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: شاعیر و ئاوازدانەری کرماشانی، ڕەحیم موعینی لە نەخۆشخانەیەکی تاران کۆچی دوایی کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی \"جەم\"ی تاران، ڕەحیم موعینی کرماشانی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵاندا کۆچی دوایی کرد. ناوبراو تووشی تەنگە نەفەسی و نەخۆشینی سینگ ببوو.

ڕەحیمی موعینی، شیعرەکانی بە نازناوی \"ئومید\"ەوە بڵاو کردۆتەوە.

ناوبراو لە دوای ساڵەکانی دەیەی ٣٠ی هەتاویەوە دەستی کردووە بە هۆنینەوەی شیعر و کۆی بەرهەمە شیعرەکانی لە ژێر ناوی \"ئەی مۆمەکان بسووتێن\" پێشوازییەکی بێ‏وێنەی لێ کرا.

موعینی کرماشانی سەرەتا سەرقاڵی نیگارکێشی بووە، بەڵام بەهۆی ناڕازی بوونی بنەماڵەکەیەوە دەستی لێ هەڵگرتووە و لە خەرمانانی ١٣٢٠دا، چالاکیی سیاسی خۆی دەست پێکردووە و ڕۆژنامەی \"سلحشوران غرب\"ی چاپ کردووە و دوای بڵاوبوونەوەی، تووشی کێشە و زیندان و دوورخرانەوە بووە.

ئەو شاعیرە لە بواری موسیقادا لەگەڵ هونەرمەندانێکی بەناوبانگ وەکوو؛ عەلی تەجویدی، پەرویز یاحەقی و هومایوون خوڕەم، هاوکاری کردووە و هونەرمەندانێکی بەناو وەکوو دڵکەش و مەرزیە ئاوازەکانیان وتووەتەوە.

دوای دەستێوەردانی هێندێک کەس لە شیعر و ئاوازەکانی موعینی کرماشانی‏دا، کوڕەکەی بەناوی حوسێن موعینی کرماشانی، چاپی دروستی شیعر و ئاوازەکانی باوکی لە دوو پرتووکی \"خەوی شیرین\" و \"ڕازی خیلقەت \"دا خستە بەر دیدی خوێنەران.

هەرچەند ڕەحیم موعینی کرماشانی کورد بووە و لە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی کرماشانی‏دا چاوی بە دونیا هەڵێناوە، بەڵام هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی و هونەریی بە زمانی کوردی و یان پەیوەندیدار بە کوردستان، بڵاو نەکردووەتەوە.