ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر و داریووش مورادی لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندران

11:46 - 24 جۆزەردان 2721

ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر و داریووش مورادی، دوو چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاباد لە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بێتاوان ناسێندران.

ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاباد کرابوون.

کۆبوونەوەی ڕوونکردنەوەی تۆمەتی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە، ٢٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە لقی دادستانیی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاباد بەڕێوە چووبوو و ناوبراوان لە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان"، بێتاوان ناسێندران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٩٩، ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە وەکوو لەپ‌تاپ، مۆبایل و هەندێک کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵای بواری زمانناسیی زانکۆی کوردستانە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٩٩، داریووش مورادی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو چالاکە فەرهەنگییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان کەرەستەی شەخسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە لەوانە موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

داریووش مورادی، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی فەرهەنگی ــ ئەدەبیی "هەسارە"یە.