ئانیسا جەعفەری‌مێهر بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسلام ئابادی غەرب بانگهێشت کرا

11:17 - 29 رێبەندان 2720

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، چالاکی فەرهەنگیی کورد، خەڵکی ئیسلام ئابادی غەرب (شاباد) سەر بە کرماشان، بۆ دوایین داکۆکی لە خۆی، بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە کرا.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە، دەبێ ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسلام ئابادی غەرب ئامادە بێت.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە: "پاش تێپەڕینی دوو مانگ و نیو لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵەکەمان لەژێر ناوی ڕادەستکردنی بەستەیەکی پۆستی و دەسبەسەرکردنم، هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو تۆمەتە کە دراوەتە پاڵم، ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکان و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، بە منیان پیشان نەداوە".

ئەو چالاکە فەرهەنگییە هەروەها وتوویەتی: "دادستانی دادسەرای ئیسلام ئابادی غەرب، مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەمیان لە پارێزەرەکەم زەوت کردووە. بوونی پارێزەر و ئەڵبەت مافی دەستپێڕاگەیشتنی پارێزەر بە دۆسیە، لە سەرەتاییترین مافی هەر تاکێکە کە بە ئاسانی لە بەرچاو ناگیرێت و پێشێل کراوە".

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، لە کۆتایی قسەکانیدا وتوویەتی: "داکۆکی لە خۆی، لەو جۆرە سیستەمە کە لەنێویدا مافی سەرەتایی لە بەرچاو ناگیرێت، بە تەواوی بێ‌ مانایە و ڕەوتێکی ئیداری بۆ جێبەجێکردنی حوکمێکە کە پێشتر لە بەرچاویان گرتووە".

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ئەو چالاکە کوردە، بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری‌‌مێهر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان، کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە وەکوو لەپ‌تاپ، مۆبایل و هەندێک کتێبی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئانیسا جەعفەری‌مێهر، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵای ڕشتەی زمانناسیی زانکۆی کوردستانە.