ئانکارا/ بنەماڵەی مانگرتووی کورد، لە وڵاتی سێهەم وەرگیران

16:15 - 26 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، ڕازامەندییان بۆ وەرگرتنی بنەماڵەیەکی پەنابەر، کە لە تورکیە دەستیان دابوویە مانگرتنی بەکۆمەڵ، دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای ڕووماڵی هەواڵی مانگرتنی چالاکێکی سیاسی کورد لە ئاژانسی کوردپاوە، ئەو پەنابەرە ڕایگەیاند کە هەر یەک لە وڵاتانی سوویس و فینلاند، پەنابەریی خۆی و بنەماڵەکەیان پەسند کردووە.

مانگرتنی یەک حەوتوویی عەلی سەیدی و بنەماڵەکەی، لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئانکارا، تێکچوونی باری تەندرووستیی کچ و کوڕەکەی لێ‏کەوتەوە.

ئەو پەنابەرە کوردە لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری کوردپادا، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕووماڵی هەواڵی مانگرتنی ئەو و بنەماڵەکەی لە ئاژانسی کوردپا، باندۆری گرینگ و ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەزایەتی کۆمیساریای پەنابەران سەبارەت بە وەرگرتنیان لە لایەن دوو وڵاتی ئورووپایی هەبووە.

ناوبراو لە درێژەدا گوتی: \"ڕۆژی ڕابردوو، بەرپرسانی UN داوایان کردووە کە بەڵگەنامەی پێویست وەکوو وێنە، ڕەگەزنامە و تەییدیە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت ئامادە و ڕادەست بکات.

عەلی سەیدی پێشتر لە پێوەندییەکی تەلەفوونی بە کوردپاوە ڕایگەیاندبوو: \"گوزەرانی ژیانی خۆم و بنەماڵەم کۆڵەمەرگییە و سەرەڕای کرێ خانوو، بەرپرسانی ئەمنیی تورکیە چەندین شاریان هەر لە وان، دنیزلی و ... پێم گۆڕیوە و منیش ئیتر توانای ماڵیم نەماوە.

ئەو پەنابەرەی خەڵکی شاری ورمێ، چەندین ساڵ ئەندامی چالاکی یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و زیاتر لە ٥ ساڵیش لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە.

وڵاتی تورکیە یەکەمین وێستگەی پەنابەرانی کورد، فارس، ئەفغان و پاکستانی بۆ ئورووپایە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە ١٠ هەزار پەنابەری تێدایە کە ٥٠٠ کەسیان پەنابەری سیاسیی کوردن.

بە هەزاران پەناخواز لە تورکیە سەرەڕای وەرگرتنی پەنابەری لە نوێنەرایەتیی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەر زۆر هۆکاری ناڕوون پێش بە چوونیان بۆ وڵاتی سێهەم دەگیردرێت.