كانوونی نێودەوڵەتیی پارێزەران لەدۆخی مەسعوود شەمس‌نژاد ئاگادار كرانەوە

15:40 - 20 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: داوا لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ كراوە كە هەوڵەكانیان بەمەبەستی پشتیوانی لە پارێزەرێكی كوردی دەستبەسەركراو لەزیندانی ورمێ‌وەگەڕ بخەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"تریبوونی ئازادی پارێزەران\" لە نامەیەكدا كە بۆ كانوونی نێودەوڵەتیی پارێزەرانیان ناردووە، راگرتن و هەڵپەساردنی مۆڵەتی پارێزەری مەسعوود شەمس نژادیان بەنایاسایی وەسف كردووە.

كۆتاییەكانی رەزبەری ئەمساڵ ئەو پارێزەرە كوردە لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی ورمێەوە بانگهێشت و سەبارەت بەكێشانی چوار مانگ زیندانی كردن رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی ورمێ‌كرا.

\"23103.jpg\"
لەبەشێكی دیكەی نامەكەدا هاتووە، مەسعوود شەمس نژاد پارێزەری دادگوستەری و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ بە هۆی بەرگریی لە تاوانبارانی سیاسیی و هەروەها تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە چوار مانگ زیندان حوكم دراوە.

تریبوونی ئازادی پارێزەرانی لەدرێژەدا نووسیویەتی: كانوونەكانی پارێزەران لەئێران توانای پشتیوانی و بەرگریی لەمافی سێنفی ئەندامەكانی خۆیان نیە، هەربۆیە ئێمە رادەگەیەنین كە بەهر شێوەیەك كە بۆتان دەلوێ‌پشتیوانی لە مەسعوود بكەن.

نوسخەیەك لەو نامەیە بۆ ئەحمەد شەهید و كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ نێردراوە.

پێشتریش پارێزەرانی پشتیوانی لەمافی مرۆڤ بۆ پشتیوانی لە شەمس نژاد بەیاننامەیەكیان بڵاو كردبوویەوە و هەڵپەساردنی مۆڵەتی ئەو پارێزەریان بەپێشێڵكردنی مافی یاسایی لەقەڵەم دابوو.

شەمس نژاد هەنووكە لە بەندی زیندانیانی موعتاد و تاوانە تایبەتەكاندا راگیراوە و بەرپرسانی زیندانی ورمێ‌لەراگواستنی بۆ بەندی سیاسییەكان خۆیان بواردووە.

مەسعوود شەمس نژاد بانەمەڕی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەیكانەوە دەستبەسەر و جۆزەردانی هەمان ساڵ بە دانانی وەسیقەی یەك میلیارد تمەن لەزیندان ئازاد كرا.