ئانفۆڵانزا تەنگی بە زیندانییەکانی گرتووخانەی زاهیدان هەڵچنیوە و بەرپرسانیش گوێی نادەنێ

20:28 - 23 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: بڵاوبوونەوی ئانفۆڵانزا لە گرتووخانەی زاهیدان و خەمساردیی كاربەدەستانی گرتووخانەكە بە نیسبەت چارەسەری پزیشكیی تووشبوان، شەپۆلێكی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی زیندانییەکان و بنەماڵەكانیانی لێ‏كەوتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە بڵاو بوونەتەوە، ژمارەیەك لە بەندكراوەكانی گرتووخانەی زاهیدان، تووشی ئانفۆڵانزا بوون و دوای سەردانیان بۆ بێهداریی گرتووخانەكە، بەرپرسانی بێهداری پێیان ڕاگەیاندوون كە ئێمە جێگە و ئیمكاناتی پێویستمان بۆ چارەسەركردنی ئێوە نییە و دوای ماوەیەك نەخۆشینەكەتان بۆخۆی چاك دەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخەكە ڕایگەیاند، تەنیا لە بەندێكدا زیاتر لە ٧٠ زیندانی، تووشی ئانفۆڵانزا بوون.

ئەوە لە كاتێكدایە كە بڵاوبوونەوەی خێرای ئەو ڤیرووسە لە شوێنێكی وەكوو بەندی گرتووخانە و هەروەها گوێ نەدانی كاربەدەستانی گرتووخانەكە بە بڵاوبوونەوی ئەو ئاهۆیە، سەرەڕای لاوازكردنی بواری جەستەییان، نیگەرانیی زیندانییەکان و بنەماڵەكانیانی لێ‏كەوتۆتەوە.

شایانی باسە كە گرتووخانەی زاهیدان كە ٢٠٠٠ گرتوو لەخۆ دەگرێ، هەر ئێستا ٣٥٠ بەندكراوی مەحكووم بە لەسێدارەدانی تێدا ڕاگیراوە، بۆیە بە یەكێك لە گرتووخانە گەورەكانی ئێران ئەژمار دەکرێت كە مافی مرۆڤی تێدا پێشێل دەكرێت.

هەتا ئێستا بە هۆی بڵاوبوونەوی ئاهۆی ئانفۆڵانزا لە ئێراندا، ٦٠ كەس گیانی لەدەست داوە.