ئانجلیناجوولی فیلمی دیکۆمێنتاری \"ژیان لە سنوور\" بە جیهان دەناسێنێت

16:37 - 1 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئانجلیناجوولی ئەکتەری ناوداری هالیوود و نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی لە فیلمی \" ژیان لە سنوور\" لەدەرهێنانی بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەران ستایشی فیلمی دیکۆمێنتاریی \" ژیان لە سنوور\"ی کردووە و بڕیارە فیلمەکە بە جیهان بناسێنێت.

ئەو ئەکتەرە ناودارە بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران و بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئاوارەکان چووەتە تورکیە و چاوی بە چەند کەسێک لە ئەکتەرەکانی ئەو فیلمە کەوتووە.

\"28232.jpg\"
ئانجلیناجوولی ئەکتەری ناوداری هالیوود و نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان
رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ،فیلمی \"ژیان لە سنوور\" لە دەرهێنەریی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەنی قوبادی، لەلایەن کاناڵی \"ئێن.ئێچ.کی\" وڵاتی ژاپۆنەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو بەرهەمە سینەماییە لە ٨ بەش پێکهاتووە و ٨ منداڵی ئاوارەبووی شەڕی کۆبانی و شنگاڵ نواندنیان هەیە و باس لە چیرۆکی هێرشی چەکدارانی داعش و چۆنیەتی نیشتەجێ بوونیان لە کەمپەکان دەکەن.

دەوترێت کە بەهمەن قوبادی ماوەی دوو مانگ راهێنانی کاری سینەمایی بەو ٨ منداڵە کردووە .

ئەو فیلمە دیکۆمێنتارییە بە گشتی لە هەشت بەرگە پێکدەێت کە ماوەکەی زیاتر لە ٧٠ خولەکە.

عیشقی شنگاڵ، گەڕان بە دوای حەقیقەتدا، نان و ماست، فیلمی ئێمە باشترە، چاوەکانی باوکم، ئاسمان و دەرمان، لەراستای نیشتمان و گەڕان لەکوێستانەکان ناوی ئەو ٨ بەشەی فیلمی\" ژیان لەسنوور\"ـه.