كامیاران/ كوژرانی ٤ ئەندامی سپای پاسداران لەتێكهەڵچوونێكی چەكدارانەدا

13:59 - 3 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: تێكهەڵچوونێکی چەكداریی نێوان هێزەكانی سەر بە سپای پاسداران و چەند كەسێكی چەكدار لەكامیاران، كوژرانی چوار ئەندامی ئەو ناوەندە نیزامییەی لێكەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەر لەبەیانیی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢‌ی پووشپەڕ لە بناری چیای شاهۆ و لەشوێنێك بەناوی \"رێگەی پلەسوور\"‌ی سەربە شارستانی كامیاران، هێزەکانی سوپای حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ژمارەیەك كەسی چەكدار تێكهەڵچوون و لە ئەنجامدا ٤ ئەندامی ئەو ناوەندە كوژران.

بەوتەی شایەتحاڵان، تێكهەڵچوونەكە لەكاتێكدا رووی داوە كە ماشێنێكی نیزامیی ویستوویەتی كەلوپەل بۆ بنكەی سوپای پاسداران لەو ناوچە ببات.

تەرمی ئەو چوار كەسەی ئەندامی سپا كە لەتێكهەڵچوونەكدا كوژراون، لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بینراون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، هێزەكانی سوپای پاسداران دوای ئەو شەڕە رووبەرێکی بەرچاو لە ناوچەی \"ناودار\" لە شاهۆیان ئاگر تێپەردا و سەرجەم دار و گیا و گژی ئەو ناوچە لە ئاگردا سووتان.

ئەو تێكهەڵچوونە لە نزیک ئاوایی \"لۆن\" و زەنجیرە چیای شاهۆ رووی داوە، کە هەتا ئێستا شوناسی ئەو كەسە چەكدارانە روون نەبۆتەوە.