ئامریکا گەمارۆی خستەسەر بەرپرسی دەزگای قەزاییی ئێران

13:45 - 23 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتی ئامریکاوە، بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و لەبەرچاو نەگرتنی مافی هاووڵاتییان لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، گەمارۆ خرایە سەری.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار، وەزارەتی خەزێنەداریی وڵاتی ئامریکا، سادق لاریجانی، بەرپرسی دەزگای قەزاییی ئێران بە هۆی لەبەرچاو نەگرتنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەکان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییان ئێرانی لە کاتی کۆبوونەوە نارەزایەتییەکان، لە لایەن ئەو وەزارەتەوە گەمارۆ خرایە سەری.

بەرپرسی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بە ئاماژە کردن بەوەی کە لە هەمبەر پێشێلکارییەکانی مافی هاووڵاتییان لە ئێران، دەوڵەتی ئامریکا بێدەنگ نابێت، ڕاگەیاند: سادق لاریجانیش هەر لەو پێوەندییەدا گەمارۆ خراوەتە سەری.

\"ئیستیون منۆچین\"، بەرپرسی خەزێنەداریی وڵاتی ئامریکا، لە گەمارۆ خستنەسەر بەرپرسی دەزگای قەزایی و بەرپرسی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، \"غوڵامڕەزا زیایی\"، لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم دواییانەی ئێران، کە لە شاری مەشهەد دەستی پێ کرد و نزیک بە ١٠٠ شاری تری ئێرانی گرتەوە و نزیکەی ٣٧٠٠ کەس دەسبەسەر و کوژرانی ٢٢ کەسی لێ کەوتووەتەوە، ڕاگەیاندووە.

بەرپرسی دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، پێشتر چەند جارێک داکۆکی لە ڕەوتی ئێعدام کردنی زیندانییانی کورد و عەقیدەتی کردبوو.