ئاماری کوژراو و برینداریی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

20:16 - 13 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە توێی ئامارێکدا ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە لە لایەن هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەستڕێژیان لێکراوە، بڵاو کردەوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیران لە کۆڵبەران لە کاتی کۆڵبەریدا چەندین کۆڵبەر کوژراون یا بریندار کراون.

ئەو ئامارەی ئاژانسی کوردپا، وێنای ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوییە.

لەو ماوەیەدا ١٢١ کۆڵبەر کوژراون یا بریندار کراون.

٢٦ کاسبکار و هاووڵاتیی مەدەنی لە ڕێگاوبانەکانی کوردستان بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاغ دروانەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گوللە.

ئەو ئامارە تەنیا حاڵەتەکانی وەک کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران باس دەکات، کە بە هۆی ئەوەیکە هیچ ناوەندێکی بەرپرسیار لە بوارەدا کار ناکات و بە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە لە کوردستان سەیری ئەو بابەتە دەکەن، ئاماری ڕاست و دروست دەکرێ لەوە زیاتر بێت.

بەپێی ئەو ئامارەی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣٥ کۆڵبەر کوژراون و ٨٦ کۆڵبەر بریندار کراون.

سەرجەم ١٢١ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون.

لە نێو ئەو کوژراوانەدا دوو کۆڵبەری تەمەن ١٧ و ١٨ ساڵە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون و بریندار کراون.

هەر بەپێی ئەو ئامارە ٧٧ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ٥ کەس بە تەقینەوەی مین، ٥ کەس بە هۆی مانەوەی لە ژێر هەرەسەوە، ١ کەس بە هۆی جەڵتەی دڵ، ٧ کەس بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان و ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکان، ٢٦ کەس کوژران و برینداربوون بە هۆی ڕوودوای هاتووچۆ و ڕاودوونان بە ماشینەوە، کە سەرجەم ١٢١ کەس دەکات.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.