ئاماری تەڵاق لە شاری دێولان سەدا ٣% زیادی کردووە

15:14 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێژەی بەرزبوونەوەی تەڵاق لە شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ٣% زیادی کردووە.

بەرپرسی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی ڕاگەیاند: لە ساڵی ڕابردوودادا، ئاماری تەڵاق لە نێو هاووڵاتییانی ئەو شارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لە سەدا سێ زیادی کردووە.

موجتەبا شوکری لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: لە هەر پێنج حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە شاری دێولان، یەک حالەتی جیابوونەوەی لێدەکەوێتەوە و ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵانی ڕابردوو لە هەر ٢٥ هاوسەرگیری، یەک حاڵەتی جیابوونەوە بووە.

بەرپرسی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی هۆکاری سەرەکیی بۆ لێک جیابوونەوە ژن و مێردی بۆ دەستێوەردانی بنەماڵەکان، دەستکورتی، گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر و شەڕی نێوانی ژن و پیاو گەڕاندەوە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی هۆکارەکانی لێک‌جیابوونەوەی ژن و مێردەکان بۆ بێکاری، نەبوونی پەیوەندی و ناسیاوی لە سەر یەکتر و تووشبوون بە ماددە هوشبەرەکان و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەری ژن و مێرد لە یەکتر، دەگەڕێننەوە.

پێشتریش وتەبێژی کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیس ڕایگەیاندبوو، بەرزبوونەوەی ئاماری تەڵاق، ئاماژە بە قەیرانێکی مەترسیدار لە وڵاتی ئێران دەکات، بۆیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ماوەی ژیانی هاوبەشی زۆرێک لە ژن و مێردەکان کەمتر لە ٦ مانگ بووە.