ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی مەریوان و سەوڵاوا گەیشتە ٣٠ حاڵەت

23:16 - 8 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی دیکە لە دارستان ص لەوڕگەکانی مەریوان لەلایەن کەسانێکی هەلپەرستەوە ئاگریان تێبەردرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ لەوەڕگە و دارستانی چیای \"قەلە بەرد\"ی نزیک لە گوندی \"سەرچۆڕ\" و \"چۆڕوو نەنێ\" بەدەستی کەسانێکی نەناسراو لەلایەن کەسادیکی نەناسراوە ئاگریشد تێبەردرا.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هەنووکە ئەو ئاگرکەوتنەوەی بەردەوامە و تەنیا لەلایەن ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی دەدرێ.

هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستکردن و لەلایەن ئەندامانی سپای پاسدارانەوە بۆ تێکدانی ژینگەی کوردستان ئەنجام ئەدرێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا \"باباپیری\" بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کوردستان رۆژی ٢٥ی جۆزەردان بە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی حکوومەتیی ئێرانی راگەیاندبوو، کەلە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٦٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو ئوستانەدا تۆمار کراوە کە سەرجەم ٦٨٠ دۆنم لە دارستانەکان ئاگریان تێبەردراوە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ٩٥%ی ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەستکردن و بە دەستی ئەنقەست لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دروست بوون.

ئەو ئامارەی بەرپرسی گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی کوردستان لە کاتێک دایە، کە بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ماوەی ساڵی رابردوودا تەنیا لە ٢ شاری مەریوان و سەوڵاوا ١٧٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووی داوە.