ئامادەباشیی هێزە نیزامییەکان پاش شەڕی پیرانشار لەگەڵ هێزەکانی حدکا

21:51 - 3 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانیی حکوومەتی ئێران، پاش شەڕو تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا لە شاری پیرانشار، لە حاڵەتی ئامادەباشی دان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، پاش شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا لە شاری پیرانشار لە حاڵەتی ئامادەباشی دان و سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانەکردنی هێزەی بۆ شاخی \"کانی خوا\"ـی ئەو شارە داوە.

ئەو هێزانە بە چەکی قورس و نیوە قورس لە شاخی کانی خوا جێگیر کراون.
پاش شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار، هێلکۆپتیڕەکانی سپا و هێزە نیزامییەکان لە ئاسمانی شاری پیرانشاردا دەسووڕێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە گۆردانێک لە هێزەکانی سپای پاسداران بە چەکی قورس و نیوە قورس ڕەوانەی ئەو شارە کراون.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا و لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدولعەلیزادە\" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە کە دواتر فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر به حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لە گیانی لە دەستدانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی بە ناوی \"سامان شیوەسەڵی\" خەڵکی شاری سەردەشت لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کرد.