\"ئاغای ڕۆحانی، لە پێڕەوانی سوننە داوای لێبوردن بکەن\"

14:48 - 26 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی کوردستان لەهەمبەر وتەکانی حەسەن ڕۆحانی سەبارەت بە مافی سوننەمەزهەبەکان لە ئێران هەڵوێستی گرت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرکۆماری ئێران لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لەگەڵ زانایانی ئایینی سوننە مەزهەب، کەموکۆڕی لە جێبەجێ نەکرانی داخوازی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خستە ئەستۆی خۆیان.

ناوبراو بە هێنانەوەی ڕستەی \"شوێنی شیاو بۆ کەسی شیاو\"، پلاری لە پێڕەوانی سوننە لە ئێران گرتبوو.

حەسەن ئەمینی لە کەسایەتییە مەزهەبییەکانی کودستان بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، ڕەخنەی توندی لە وتەکانی ڕۆحانی گرتووەو ڕایگەیاندووە: قسەکانی ئێوەم گوێدایە و بە تامەزرۆیی گوێبیستی هۆکاری بەدینەهاتنی بەڵێنەکان و داوای لێبوردن لەو شتانەی کە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەبوون، بووم بەڵام نەک بەلایشیاندا نەچووی بەڵکوو هۆکارەکەت گەڕاندەوە بۆ نەبوونی شیاوی و نالێهاتووی خۆدی سوننەکان.

\"\"
دانیشتنی ڕۆحانی لەگەل زانایانی ئایینی سوننەمەزهەب
یەکێک لە بانگەشەکانی حەسەن ڕۆحانی لە نزیک بە ٤ساڵ پێش ئێستادا، بەشداری پێکردنی کەمایەتییە ئەتنیکی و مەزهەبییەکان لە بەڕێوەبەری وڵات و نەمانی ڕوانگەی ئەمنییەتی لەسەر کوردستان بوو.

حاكم شەرعی كوردستان بەئاماژەدان بە نەبوونی پێڕەوانی سوننە لە پۆستە دەوڵەتییەکاندا، ڕوونی کردەوە کە بە قسەکانتا دیارە کە تەنانەت ڕێزی میوانە بەشداربووەکانیشت نەپاراستووە کە کەسیان لەناودا بووە کە شیاوی ڕیبەری وڵاتێک و بەڕێوەبەری هەر پۆستێکی حکوومەتییان هەیە.

ئامارە نافەرمییەکان باس لە حەشیمەتی ٢٠ میلیۆنی سوننە لە ئێران دەکەن کە پێکهاتووە لە بەشێکی کورد، بەلووچ، تورکمەن و بەشێکی عەرەب.

لەکۆتایی نامەکەی حەسەن ئەمینیدا کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڵاویکردۆتەوە، ڕۆحانی دەکاتە بەردەنگی خۆی و دەنووسێت: هەڵبەت ئەو قسانە، بڕوا و کردەوەی ئێوە و باقی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە دەنا لە ماوەی ئەم ٣٨ ساڵەدا کەسێک دەبووە جێگری سەرکۆمار یان وەزیر، پارێزگار، لێپرسراوی ئەرتەشی و هێزە ئەمنی و ...

نامەکە بە پێشنیارێک بۆ حەسەن ڕۆحانی کۆتایی پێدێت و داوای لێدەکات کە لە پێڕەوانی سوننە لە ئێراندا داوای لێبوردن بکات.

ناوەڕاستی سەرماوەزی ٩٢، وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمیدی ڕۆحانی قسەیەکی هاوشێوەی لەهەمبەر کورد بۆ پۆستە دەوڵەتییەکان کردبوو.

ناوەندەکانی توێژینەوە لە مافی نەتەوە و ئایینزاکانی نێو ئێران باس لەوە دەکەن کە نەتەنیا لە دەورانی دەسەڵاتداری حەسەن ڕۆحانی دۆخی ئەو کەمینانە باش نەبوو بەڵکوو سەرکوتی زیاتر بە شێوازی جیاوازتر پەرەی سەندووە.