ئاشکرابوونی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی دیکە لە زیندانی دێزڵئاوای کرماشان

14:45 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد لە ١١ ڕۆژی پێشدا، ناوی زیندانییەکی دیکەی ئێعدامکراو لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان، ئاشکرا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"نورئەڵڵا زەنگنەوەند\"، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی بەگ میرزا، لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشاندا، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، لە سێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ، لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بە ناوی \"شایان ئیبراهیمی\" لە سێدارە درابوو، بەڵام شوناسی ئاشکرا نەکرابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد کە، نورئەڵڵا بە تۆمەتی کوشتنی خالۆزایەکی خۆی لە ساڵی ٩١ی هەتاویدا، دەسبەسەر و لە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕدا، لە سێدارە دراوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە حاڵێکدایە کە ئێعدام‌کردنی ئەم هاووڵاتییە، بە نهێنی لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری کرماشانەوە بووە.

زۆربەی ئێعدامەکان لە ئێران میدیایی ناکرێت و ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی مادەی ٢١ی ئاییننامەی شێوەی بەڕێوەچوونی حوکمی لە سێدارەدان، ڕەجیم کردن، قرتاندن یان کەمئەندام کردن دەبێت \"هەواڵی بەڕێوەچوونی حوکمەکەی یان باس کردنی جۆری تاوانەکەی و بڕیاری دادگا دەبێت، لە ڕۆژنامەکان بڵاو ببێتەوە.

لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵ هەتاکوو ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی دێزڵئاوای کرماشان، ئیلام، ورمێ و مەراغە، لە سێدارە دراون و هەروەها دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، حوکمی لە سێدارەدانی بە سەر ٦ هاووڵاتیی دیکەدا، سەپاندووە.