ئاسەواری شەڕی ئێران و عێراق لە شارە کورد نشینەکاندا جێگەی مەترسین

14:17 - 5 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەلێک پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق ، لە شاری سەرپێڵی زەهاو دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛\"کارمەندانی ئیدارەی ژینگەپارێزی سەرپێڵێ زەهاو لە کاتی پشکنینی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر چاوەدێری ئیدارەی ژینگە پارێزیدان، هەندێک خومپارەی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیان دۆزیوەتەوە\".

دۆزینەوەی ئەم پاشماوە مەترسیدارانەی شەڕی 8 ساڵە لە کاتێکدایە کە چالاکانی مەدەنی ناوچە بەردەوام هۆشدارییان داوە کە بوونی ئەم کەرەستانە جێگەی مەترسی گیانییە بۆ هاووڵاتییان؛ وەک لە ڕابردووشدا بینراوە چەندین هاووڵاتی بەم هۆیەوە یان کەم ئەندام بوون یان گیانیان لە دەستداوە.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان ١٤٠٠هێکتار لە زەوییەکانی کوردستانی ئێران، هێشتا ئالوودە بە مین و کەرەستەی شەڕن و هەناسەی خەڵکی کورد ، بەم هۆیەوە لەگەڵ نەمان و مەرگ و مەترسی گرێ دراوە.

شارەکانی کرماشان بە ٧٠٠ هەزار هێکتار و پارێزگای سنە بە ١٥٠ هەزار هێکتارو پارێزگای ورمێ بە ١٥٠ هەزار هێکتارەوە ئالوودە ی مین و ئاسەواری شەر و کەرەستەی تەقینەوەن.

بەپێێ ڕاپۆرتەکان، ئێران، دوووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مین و کەرەستەی شەڕە و پاش تێپەڕینی زیاتر لە 20ساڵ لە واژۆکردنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و عێراق‌دا هێشتا خەڵکی کورد بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی پێوەندیدارەوە، گرفتاری پاشماوەکانی شەڕن.

تا ئێستا دەیان ڕاپۆرتی دڵتەزێن سەبارەت بە تەقینەوەی مین و کەرەستەی شەڕ و کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانە بڵاوکراوەتەوە و هیچ کەسیش بەرپرسایەتی ئەم تراژێدیایە بە ئەستۆ ناگرێت.