- ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری: باری جەستەیی زیندانیانی مانگرتوو لەورمێ مەترسیدارە

13:13 - 16 سەرماوەز 2714

 

ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی کەمپەینی پشتیوانی لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ، بارودۆخی زیندانیانی مانگرتووی کوردی مەترسیدار وەسف کردووەو رایگەیاندووە، حکوومەتی ئیسلامی ترسی دژکردەوە و هەروەها فشاری دەرەکیی هەیە.
ماوەی ١٨ رۆژە، ٢٩ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی خراپی زیندان و هەڵسوکەوتی نابەجێی بەرپرسان و جینانەکردنەوەیان لە زیندانییانی تۆمەتبار بە مادە هۆشبەرەکان، مانیان لە خواردن گرتووە و هەر رۆژە دۆخیان بەرەو خراپتر دەڕوات، بۆ زانینی دوایین رەوش و بارودۆخیان ئەم دیدارە کورتەمان لەگەڵ \"ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری\" چالاکی خوێندکاری و وتەبێژی کەمپەینی پشتیوانی لە مانگرتوانی بەندیخانەی ورمێ پێکهێناوە و لە چواچێوەی چەند پرسیارێکدا ئەم پرسەمان تاوتوێ کردووە.

١ ـ دوایین رەوش و دۆخی جەستەیی مانگرتوانی كورد چۆنە و دەوترێ‌هەڕەشەی جێبەجێ‌كردنی حوكمی ئیعدام و دوور خستنەوەیان بۆ زیندانی خراپتریان لێكراوە، لەم بارەوە چ زانیاریەكتان هەیە؟

ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری: بەداخەوە دوای تێپەڕ بوونی ١٦رۆژ لە مانگرتنی ئەو بەندکراوانەرۆژ لە رۆژ زیاتر بارودۆخیان مەترسیدارتر دەبێ ، هەموو مرۆڤێک پێویستی بە خواردن و خواردنەوەیە سروشتییە ئەگەر دوای ١٦ رۆژ بواری جەستەیی ئەو بەندکراوانەش زیاتر رووبەڕووی مەترسی بووبێتەوە، بەپێی ئەو هەواڵانەی بە دەستی ئێمە گەیشتوون بەداخەوە لە بواری جەستەییەوە دۆخی ئەو مانگرتوویانە مەترسیدارە و لە سەر داواکانیشیان سوورن و بڕیاریان داوە تا وەدینەهاتنی داواکارییەکانیان درێژە بەو مانگرتنە بدەن.

لە سەر ئەوەش کە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەکەوە تووشی هەڕەشە بوونەتەوە، بەداخەوە راستە و هەڕەشەی دوورخرانەوە، هەروەها خرابتر بوونی دۆخەکەیان لێکراوە.

2 ـ لە بنەڕەتدا بۆچی بەرپرسانی زیندان و بەتایبەت ناوەندە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی دەترسن؟

\"23486.jpg\"

 

ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری، وتەبێژی کەمپەینی پشتیوانی لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ

ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری: هەرچەند جارێک کە لە یەکێک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک بەندکراو جا بە هەر هۆیەک بووبێت دەستیان دابێتە مانگرتن کاردانەوەی ئەو مانگرتنە تەنیا لەناو بەندیخانەکەدا نەبووە، زۆر جار پەرەی ستاندووە و بۆ زۆربەی بەندیخانەکانی دیکەش و هەروەها کاردانەوەی نێودەوڵەتی و چالاکانی مەدەنیی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستانیشی لێکەوتۆتەوە ! دەنگی مانگرتنەکە گەیشتۆتە دەرەوە سنوورەکان و لەلایەن زۆربەیریکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ دژکردوەی بووە، کۆماری ئیسلامی زۆر جار ئەوراپۆڕتانەی لەسەر دۆخی بەندیخانەکان و چالاکانی بەندکراو بە تۆمەت زانیوە ورەتی کردوونەوە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو مانگرتنانە و گەیاندنیان بە گوێیریکخراوە پەیوەندیدارەکان هەمیشە بۆتە پەرپێدەری وتەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بۆتە هۆی ساز بوونی فشاری دەرەکی کە ئەوەش بۆ ئێران و پەیوەندییەکانی باش نییە، لەلایەکی دیکەش درێژەدار بوونی ئەو مانگرتنانە کاریگەریی دەرەوەی بەندیخانەکانیشی بەدواوە دەبێت و سریشتییە کە خەڵکیش پشتیوانی لە داواکانیرۆلە بەندکراوەکانیان دەکەن، بۆیە کۆماری ئیسلامی ترسی دژکردەوە و هەروەها فشاری دەرەکیی هەیە.

3 ـ بە جۆرێک هەست دەكرێ، کە‌هەندێ‌میدیای كوردی و حیزبە سیاسییەكان و بەتایبەت میدیا فارسەكانی دەرەوەی وڵات لە هەمبەر مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی كورد بێدەنگن، هۆیەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری: من پێموایە ئەو پرسیارە بە دوو بەش وڵام دەمەوە باشترە یەکەمەیان میدیا حیزبی و کوردییەکان بە داخەوە هۆکارەکە زیاتر دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەبوونی هەماهەنگیی کاری لە نێوان حیزب و لایەنە کوردییەکانیرۆژهەڵاتی کوردستان! کە بەداخەوە نەبوونی ئەو هەماهەنگییە کردوەی لەو بوارەی لێیان چاوەڕوان دەکرێ، ئەوە تەنیا حیزبە سیاسییەکانیش ناگرێتەوە، بەڵکوو رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤیش دەگرێتەوە، نەبوونی فەزایەکی سالمی راگەیاندن و بەیەکەوە کارکردن ئەو جۆرە کێشانەشی رۆبەروو کردووینەوە کە بەداخەوە دوای هەڵلێکی زۆر هێشتا بۆمان چارەسەر نەبووە.

بەڵام بەشی دووهەم میدیا فارس زمانەکان ئەگەر ئێمە لەگەڵ خۆمان واقع بین ئەو لەراستییەکان هەڵنەیەین دەبێت دان بە چەند شتدا بنێین کە گرینگترینیان جیابوونی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسیی کوردستانە لە ئێران کە ئەویش هۆکاری زۆرن کە لە هەموویان بەرچاوتریان رق و کینەی زۆربەی ئوپۆزسیۆن و پارتە فارس و ئێرانییەکانە بەرانبەر بە نەتەوەی کورد تەنانەت ئەو پارت و لایەنانەی خۆشیان بە دۆستی کورد دەزانن. کاتێک دێتە سەر مەسەلەی کورد و کێشەی چالاکانی بەندکراوانی کورد هەڵوێست و دژکردوەی خۆیان بووە ئێمە بە جارانی جار لەگەڵ ئەو مەسەلە رووبەڕوو بووینەتەوە کە ئەوەش هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە کوردستان پشتگوێ بخرێت و کەس باسی نەکات!

4 ـ ئەو چالاكی و هەوڵانەی كە لەلایەن كەمپەینی پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتوو، چالاكانی مافی مرۆڤ و رەوەندی كورد لە دەروەی وڵات بۆ پشتیوانیی مانگرتوانی سیاسیی كورد بەڕێوە چوون، باس بكە و بەگشتی چ كاریگەرییەكیان دەبێت؟

ئاسۆ پیرۆتی دێبۆکری: چالاکییەکانی کەمپەین و ئەو لایەنە پەیوەندیدارە کوردیانەی لە دەرەوەی وڵات لە هەوڵ و چالاکیدان لە بابەت ئەو مەسەلە هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی دەنگی ئەو مانگرتوانە بگەیەننە دەرەوە، زۆربەی چالاکییەکان بە پەیوەندی گرتن بە رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات و سازدانی خۆپێشاندان لەبەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپایی دەستی پێکردوە و تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم شەپۆلێکی بەربڵاوی خۆپێشاندان لە وڵاتانی ئورووپایی بەڕیوەیە و هیوادارین بتوانێ کاریگەریی هەبێت، ئەگەر دیتمان لەو رێگەیەوە نەمانتوانی کاریگەر بین دەبێت بە زووترین کات رێگەچارەیکی گونجاو بدۆزینەوە، چونکە بەداخەوە دۆخەکە هەستیارە و نەک تەنیارۆژێک، بەڵکوو کاتژمێرێکی بۆ تێکچوونی دۆخی سڵامەتی ئەو مانگرتوانە زۆرە و دەتوانی زیانێکی وا بگەیەنێ کە دوایی جێگەی بە هیچ پڕ نەبێتەوە.

ئەم وتوێژە لەلایەن شەریف فەلاح)ـەوە ساز دراوەو بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە.