ئاستەنگی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی سەقز بۆ کۆڕێکی شێعر خوێندنەوە

19:16 - 16 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی شاری سەقز دەستێوەردان لە بەڕێوەچوونی کۆڕە ئەدەبی و دیمانە شێعرییەکانی ئەو شارەدا دەکات.

رەحیم لوقمانی شاعێر، نووسەر و لێكۆڵەری كورد لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی كوردپای راگەیاند، بڕیاربوو کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا بەشداری لە دیمانەیەکی شێعریی ئەنجومەنی ئەدەبی مەولەوی شاری سەقزدا بکەم، بۆیە چەند نممونە لە شێعرەکانی خۆم بۆ بەڕێ کردن، بەڵام دواتر ئاگاداریان کردمەوە کە ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیزنی بە چەند دانە لە شێعرەکانت نەداوە لەو دیمانە شێعرییەدا بخوێندرێنەوە.

لوقمانی ئاماژەی بەوەشدا، کە شێعرەکانی تاڵترین شەکراو و ژنێک دەناسم لە کاتێکدا هێچ شتێکی نایاساییان تێدا باس نەکرابوو، لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادەوە بەرەوڕووی تیغی سانسۆر بوونەتەوە و هیچکام لە بەرپرسان و بەرێوەبەرانی ئەنجومونی ئەدەبیی مەوڵەویی شاری سەقز بەرامبەر بەم کردەوەیەی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد هیچ هەڵوستێکیان نەنواندووە.

ئەو شاعیرە کوردە راشیگەیاند؛ بە سەرنجدان بەو هەڵوێستییەی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد وهەروەها ئەو بێ‌دەنگیی بەرێوەبەران و بەرپرسانی ئەنجومنەنی ئەدەبیی مەولەویی شاری سەقز، بڕیارمدا کە لەو کۆڕە شێعرییەدا بەشداری نەکەم.

زۆرێک لە شاعیرانی کورد لەسەر ئەو باوەڕەن، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی بەمەبەستیی کپ کردنی دەنگی شاعیران و بایکوت کردنی قەڵەمی ئەدیبانی بەتوانای کورد، پشتگیری لە کەسانی بێ بیر و بێ هونەر دەکەن، کە ئەمەش راستەوخۆ بەڵاڕیدا بردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردییە.

ـ رەحیم لوقمانی، شاعیر و لێكۆڵەر، لەدایك بووی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی شاری سەقزە.
ناوبراو خاوەن بڕوانامەی لیسانسی زمان و ئەدەبی فارسی و مامۆستای قوتابخانە دواناوەندییەكانی شاری سنەیەو هەتا ئێستا ئەم بەرهەمانەی چاپ و بڵاو بوونەتەوە.

ـ زامستان، كۆمەڵە شێعر، سنە ساڵی ١٣٨٣.
ـ فاشیزم چیە؟ كورتە چیرۆكەكانی یەلماز گونای وەرگێڕانی لە فارسیەوە بۆ كوردی چاپی سنە ساڵی ١٣٨٣.
ـ چاپ و بڵاوكردنەوەی دەیان وتار و بابەتی فەرهەنگی، ئەدەبی لە گۆڤار و رۆژنامەكانی كوردستانی ئێران و هەرێمی كوردستان.
ـ لە چەندین سیمینار، كۆنگرە و كۆبوونەوەی فەرهەنگی و ئەدەبییئوستانەکانی كوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەروەها هەرێمی كوردستانیش بەشداریی كردووە.