ئاسانسۆر گیانی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵەی ئەستاند

19:33 - 6 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە شاری ڕوانسەری سەر بە پاڕێزگای کرماشان منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بە هۆی ناستاندارد بوونی ئاسانسۆڕەوە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەزەڵوەر، کچێکی تەمەن سێ ساڵان خەڵکی شاری ڕوانسەر و دانیشتووی باڵاخانەی مێهر لەو شارە، بە هۆی ناستاندارد بوونی ئاسانسۆڕەکانی ئەو مەسکەن گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕەوانسەر وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، شوناسی ئەو کچە تەمەن سێ ساڵەیەی بە \"ئاوا عەلیزادە\" کچی کەماڵ، ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە مەسکەنی مێهری شاری ڕوانسەر ڕوویداوە.

باوکی ئاوا یەکێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەرە.

بەرپرسی ناوەندی ڕووداوو و فریاکەوتنە پزیشکییەکانی شاری ڕوانسەر ڕایگەیاند: ئاوای تەمەن سێ ساڵە لەکاتی چوونە دەرەوە لە ئاسانسۆرەکە، بە هۆی مەودای زۆری نێوان دیوار و کابینی ئاسانسۆرەکە، لە نێوانیاندا گیر دەکات و دەستبەجێ گیانی لەدەست دەدات.

کەیومەرس عەزیمی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ هێنانە دەروەی جەستەی ئەو منداڵە سێ ساڵەیە ناچار بوون هێندێک لە دیوارەکە بڕووخێنین.

شاری ڕوانسەر بە ٤٧هەزار حەشیمەت لە ٦٠کیلۆمێتری باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان هەڵکەتووە.