ئازەربایجانی رۆژئاوا/ گیان لەدەستدانی ١٩ ژن بەهۆی سووتانەوە لە ماوەی ٦ مانگدا

18:10 - 15 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٥ ژن و پیاو بەهۆی سووتانی جەستەیانەوە لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا باس لە دابەزینی لەسەدا ٤٠یی گیان لەدەست دانی هاووڵاتییان بەهۆی رووداوی سووتان لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا دەکرێ، کە تەنیا لە ماوەی ٦ مانگدا ١٩ ژن بەهۆی سووتانی جەستەیانەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەرپرسی پزیشکیی دادوەریی ئوستانی ورمێ (ئازەربایجانی رۆژئاوا)، رایگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان، سەرجەم لە ٢٧ حاڵەتی گیان لەدەست دان بەهۆی گازگرتوویی و سووتانی جەستەییەوە لەم ئوستانەدا تۆمار کراوە.

ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بەچۆنیەتیی سووتانی ئەو هاووڵاتییانە نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ٦ پیاو و ١٩ ژن بەهۆی سووتانەوەو ٢ کەسی دیکەش بەهۆی ژەهراوی بوون بە گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا گیانیان لەدەست داوە.