ئازەر تاهیرئابادی بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کرا

15:06 - 13 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئازەر تاهیرئابادی کچە رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری کەنگاوەر، بانگهێشتی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٢ی خەرمانان، حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری کەنگاوەر ئازەر تاهیرئابادی، کچە رۆژنامەنووس و چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشت کرد و بۆ ماوەی ٢ کاتژمیر لێپرسینەوەیان لێ کرد.

ئەو چالاکەی مافی ژنان، بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال، بە هاوکاریی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی کانوونی پارێزەرانی دادگوستەریی کرماشان و ئیلام یارمەتیی بۆ لێقەوماوان کۆکردبوویەوە.

\"21892.jpg\"
ئازەر تاهیرئابادی، چالاکی مافی ژنان
ئازەر تاهیرئابادی، پێشتریش لەماوەی ٣ ساڵی رابردوودا، بەهۆی نووسینی وتار بۆ رۆژنامە و ماڵپەڕەکان و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکانی کرماشان و تاران کراوە و لێپرسینەوەو هەڕەشەیان لێ کردووە.

هەتا ئێستا هۆکاری بانگهێشت و لێپرسینەوەی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لەو کچە رۆژنامەنووسەی خەڵکی شاری کەنگاوەر لە ئوستانی کرماشان، روون نەبۆتەوە.