ئازار و ئەشکەنجەی دوو کەس لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراوی شاری شنۆ

12:39 - 7 خەزەڵوەر 2722

دوو کەس لە خۆپیشاندەرانی شاری شنۆ بە ناوەکانی "کاروان شاهی" کوڕی یاسین و "فەریاد محەممەدشوور" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەلی، پاش دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان، ئازار و ئەشکەنجە دراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو خۆپیشاندەرە پاش دەسبەسەرکرانیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و تەنانەت یەکێک لە قامکەکانی "کاروان شاهی" شکاوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شاهی، ڕایگەیاند: پاش گەڕاندنەوەی ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی شنۆ و سەردانی بنەماڵەی کاروان شاهی بۆ لای کوڕەکەیان، کاروان باسی لە ئازار و ئەشکەنجەکرانی خۆیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش ئازار و ئەشکەنجەی ئەو دوو خۆپیشاندەرە، گوشاریان خستووەتە سەریان کە دەبێت واژۆنامە بکەن کە ئەوان لەو کەسانە بوون کە دەستیان لە ڕیکخستنی خۆپیشاندانەکاندا هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند کە ئەو دوو خۆپیشاندەرە پاش سێ ڕۆژ ڕاگیرانیان لە زیندانی شنۆ، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.