ئازادیی کاتیی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی گوندی نێی مەریوان

14:48 - 13 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی گوندی نێی مەریوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی گوندی نێی مەریوان بە ناوی \" موحسێن فەرهمەند\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی خوسرەو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە پاش دەسبەسەرکردن بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو و دواتر لە ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی شاری سنە ڕاگیرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\"، \"موحسێن فەرەهمەند\" \"حەمید پەروازە\"، خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەزبەر، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی کوردیان بە ناوی \"محەممەد پەروازە\" تەمەن ٢١ کوڕی مەلاحوسێن خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، دەسبەسەر کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوو، بۆ زیندانیی ناوەندی شاری مەریوان ڕاگوێزراوە و پاش ڕۆژێک لە گواستنەوەی بۆ زیندانی مەریوان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکی لە گرتنگە ئازاد کرا.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، محەممەد نامداری بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، سەڵمان ئەفرا پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەسبەسەر کرا.